کێبرکێی مێژوو و داهاتوو.. رۆناڵدۆ پێش لەدایکبوونی یامال چی بەدەستهێناوە؟
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ جگە لەوەی یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی پۆرتوگال و ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، کێبرکێیەکی مێژووییش دەبێت لەنێوان دوو ئەستێرەی هەرە دیاری ئێستای جیهانی تۆپی پێ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە مێژووەکەی و لامین یامال بەو ئاستەی جیهانی پێ سەرسام کردووە. کریستیانۆ پێنج ساڵ پێش لە لەدایکبوونی لامین یەکەم نازناوی بەدەستهێناوە.
رووبەڕووبوونەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لامین یامال تەنیا رکابەرییەکی تاکەکەسی نابێت لە یارییەکی نێودەوڵەتیدا، بەڵکو نوێنەرایەتی پێکدادانی مێژوو و داهاتوو دەکات، لەنێوان شکۆمەندییەک کە لەماوەی دوو دەیە نووسراوە و سەرهەڵدانێکی سەرسوڕهێنەر کە رێگەیەکی سەرسوڕهێنەر دروست دەکات و ئاماژە بۆ لەدایکبوونی ئەفسانەیەکی نوێ دەکات.
رووبەڕووبوونەوە ناوازەکەی نێوان رۆناڵدۆ و یامال، لەکاتێکدا دوو نەوەی جیاواز کۆدەکاتەوە، سێبەری رکابەرییە تووندەکەی نێوان پۆرتوگال و ئیسپانیای خستووەتە سەر و لە چەند کاژێری رابردوودا بووەتە مانشێتی میدیا و رۆژنامەکانی جیهان.
یاریزانە لەدایکبووەکەی مەغریب لەسەرەتاوە سەرنجی هەمووانی راکێشاوە، تەنانەت پێش ئەوەی تەمەنی ببێتە 18 ساڵ، بووەتە بەربژێری خەڵاتی باڵۆندۆر و باشترین ئەستێرەی گەنجی جیهان، کە جێی مشتومڕ نییە.
کاتێک پێنجشەممەی رابردوو دوای بردنەوەکەیان لە فەرەنسا، پرسیار لە یامال کرا سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی رۆناڵدۆ بۆ یەکەمجار، ئەو خێرا وەڵامی دایەوە و گوتی "ئەو ئەفسانەیە لە تۆپی پێدا".
ئەستێرە ئیسپانییەکە لە 13ـی تەمموزی 2007 لەدایکبووە، لەسەرەتاوە هەندێک دەستکەوتی بەدەستهێنا کە ئەفسانەکان و لەنێویاندا خودی رۆناڵدۆش لەهەمان تەمەندا بەدەستیان نەهێنابوو، دیارترینیشیان نازناوی یۆرۆ بوو، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە رۆناڵدۆی تەمەن 40 ساڵ پێشتر شکۆمەندی بەدەستهێنابوو، چەندین نازناو و ژمارەی پێوانەیی بەدەستهێنابوو پێش ئەوەی رکابەرەکەی ئەمڕۆی کە یامالە تەنانەت لەدایک بووبێت.
شکۆمەندییەکی خێرا
کاتێک یامال لە مانگی تەمموزی 2007 لەدایکبوو، رۆناڵدۆ لە تەمەنی 22 ساڵیدا بوو، پێشتر ساڵانی سەرەتای خۆی تێپەڕاندبوو و بووبووە یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی ئەورووپا. پێش ئەم بەروارە دۆن دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێنابوو لەگەڵ یانەکەی ئەوکاتەی، کە مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بوو.
ساڵی 2007 رۆناڵدۆ یەکەم نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا، وەرزێکی ناوازەی بەسەربرد کە تیایدا خەڵاتی باشترین یاریزانی پرێمەرلیگ و باشترین یاریزانی نووسەرانی تۆپی پێ و باشترین یاریزانی لاوی ساڵی PFAـی بەدەستهێنا - سێ خەڵاتی تاکەکەسی بەنێوبانگ لە یەک وەرزدا.
هەروەها رۆناڵدۆ لەوەرزی 2003-2004 جامی یەکێتیی ئینگلتەرای بەدەستهێنا، هەروەها لە وەرزی 2005-2006 جامی خولی ئینگلتەرای بەدەستهێنا.
کریستیانۆ پێش ئەوەی پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە بکات، یەکەم نازناوی لەگەڵ یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنی پۆرتوگالی لەساڵی 2002 بەدەستهێنابوو، کە پێنج ساڵ پێش لەدایکبوونی یامال بوو، ئەویش جامی سوپەری پۆرتوگال بوو.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە مۆندیالی 2006 پلەی چوارەمی بەدەستهێنا و گەیشتە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2004 کە ئەوە دەستکەوتێکی نائاسایی بوو بۆ یاریزانێکی وا گەنج لەو کاتەدا.
بەڵام رۆناڵدۆ لە تەمەنی 19 ساڵیدا نەیتوانی نازناوی کیشوەری بەدەستبهێنێت، ئەمەش ئەو دەستکەوتە بوو کە یامال لە تەمەنی 17 ساڵیدا بەدەستیهێنا، بەڵام دواتر رۆناڵدۆ ئەو نازناوەشی بەدەستهێنا لەساڵی 2016. ئێستاش بەتۆمارکردنی 137 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی نێودەوڵەتییە لە هەموو کاتەکاندا، هەروەها زۆرترین یاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ئەنجامداوە کە 220 یارییە.
رۆناڵدۆ تەنیا یاریزانێکی باڵی خێرا یان لێهاتوو نەبوو؛ ئەو ئامێرێکی تۆمارکردنی گۆڵ بوو، کە بەردەوام رێژەی گۆڵکردنی بەرز دەبووەوە. تا ئەو کاتەش 55 گۆڵی لەسەر ئاستی یانەکان و 17 گۆڵی نێودەوڵەتی بۆ پۆرتوگال تۆمارکردبوو، سەرەڕای ئەوەی هێشتا نەگەیشتبووە لوتکە.
دوای ساڵێک لە لەدایکبوونی یامال، رۆناڵدۆ دەستیکرد بە هەژموونی راستەقینەی بردنەوەی نازناوە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکان. لەوەرزی 2007-2008 بە وەرزی پێشکەوتنی دۆن دادەنرا.
بەسە بڵێین، لەو وەرزەدا نازناوی چامپیۆنزلیگ و پرێمەرلیگ و نازناوی گۆڵکاری هەردوو پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا، جگە لە لاپچینی زێڕینی ئەورووپی.
بۆیە شتێکی لۆژیکی بوو بۆ ئەو پۆرتوگالییە کە لەو ساڵەدا یەکەم باڵۆندۆری بەدەستبهێنێت لەکۆی ئەو 5 باڵۆندۆرەی لە کاروانی خۆیدا بەدەستیهێناون.
میراتگری ئەفسانە یان تەنیا مۆدێلێکی کاتی؟
یامال بووەتە دیاردەیەکی دەگمەنی تۆپی پێ، زۆر چاوەڕێی نەکرد تاوەکو خۆی بسەلمێنێت و جیهان شۆک بکات. بووە بچووکترین یاریزان لە مێژووی لالیگادا و هەروەها بووە بچووکترین گۆڵکار لە مێژووی هەڵبژاردەی ئیسپانیادا.
لووتکەی ئەوکاتە بوو کە ساڵی رابردوو لارۆخای گەیاندە نازناوی یۆرۆ و لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بەرامبەر فەرەنسا گۆڵێکی ئەفسانەیی تۆمارکرد.
دوای ئەوەی وەرزی رابردوو لەگەڵ بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ ئاستێکی بەرزی پێشکێش کرد و خولی ئیسپانیای بردەوە، یاریزانە ئیسپانییە بووە جێگەی باسی هەموو جیهان و زۆر کەس بە "مێسی نوێ" ناوی دەبەن.
لەوانەیە رووبەڕووبوونەوەی یامال لەگەڵ رۆناڵدۆ تەنیا تاقیکردنەوەیەک نەبێت بۆ تواناکانی کوڕە زێڕینەکەی ئیسپانیا، بەڵکو بۆ گەورەیی ئەو خەونەش بێت کە دەتوانرێت لە سێبەری ئەفسانەیەکەوە لەدایکبێت.
تەنیا کات دەزانێت؛ ئایا یامال ئاڵاکە لە رۆناڵدۆ وەردەگرێت، کە دۆن خاوەنی میراتێکی گەورەیە، پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگ و پێنج باڵۆندۆری تێدایە، یان تەنیا دەبێتە مۆدێلێکی کاتی و بەخێرایی نامێنێت، وەک زۆر کەسی دیکە کە پێش خۆی هاتوون؟..