دهۆک یارییەکی مێژوویی دەکات و پێویستی بە هاندەرانە

 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی قۆناخی هەشتی جامی عێراق بەڕێوەدەچن، سێ یانەی کوردستان لەم قۆناخەدا ماون و رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
 
کاژێر 19:00 یانەی دهۆک لە دووەم یارییدا لەژێر سەرپەرشتی سلێمان رەمەزان، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی مینا یاری دەکات و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی هەنگاوێکی دیکە لە پاڵەوانێتییەکەدا بچێتە پێشەوە و خۆی بگەیێنێتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
دهۆک پێچەوانەی هەموو پێشبینییەکان لە دوای بردنەوەی نازناوی جامی کەنداو، لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ئەنجامەکانی رووی لە خراپی کرد و کەوتە دۆخێکی ئاڵۆزەوە، دوای 9 یاریی بەبێ بردنەوە، لە دوایین گەڕی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دەیەوێت ئەو سەرکەوتنە بکاتە هەلێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تیپەکە و بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش لە یارییەکەی ئەمڕۆدا.
 
سەرجەم یاریزانانی یانەی دهۆک بۆ یارییەکە ئامادەن، دەستەی کارگێڕی، راهێنەر و یاریزانانی یانەی دهۆک لە رێگەی پەیامی جیاوازەوە داوا لە هاندەرانیان دەکەن لە یارییەکەی ئەمڕۆدا لە یاریگەدا ئامادەبن، بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکە لەپێناو بەدەستهێنانی سەرکەوتن و گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
دهۆک لەم وەرزەدا دوو یاریی بەرامبەر یانەی مینا ئەنجامدا، لە هەردوو یارییدا هەردوو تیپ بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون.