دوای جامی جیهانیی یانەکان.. ریال مەدرید لە گەڕاندنەوەی یاریزانە کۆنەکەی نزیکە



رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی نزیکە لەوەی گرێبەست لەگەڵ یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی واژۆ بکات، بۆ گەڕاندنەوەی ئەلڤارۆ کارێراسی بەرگریکاری باڵی چەپ بۆ ریزەکانی.


گفتوگۆکانی نێوان هەردوو یانە لە سەرەتای هاویندا دەستیپێکرد، بەڵام تاوەکو دوای مۆندیالی یانەکان دواخرا، چونکە روی کۆستای سەرۆکی بێنفیکا رازی نەبوو بە پێشنیارە کەمەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید بۆ بەرگریکارە 22 ساڵانەکە.

بەپێی رۆژنامەکانی ئیسپانی، ئێستا ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو یانە کەمبوونەتەوە و ئامادەن جارێکی دیکە لەسەر گواستنەوەکە گفتوگۆ بکەن.

کارێراس لە تەمەنی 14 ساڵیدا لە یانەی دیپۆرتیڤۆ لاکەرۆنیاوە پەیوەندی بە ئەکادیمیای ریال مەدریدەوە کرد، بەڵام لە ساڵی 2020 یانەکەی بەجێهێشت و روویکردە مانچێستەر یونایتد، هەرچەندە هەرگیز یاریی فەرمی بۆ شەیتانە سوورەکان نەکرد. دوای ماوەیەکی کورت و سەرنەکەوتوو بە خواستن لە یانەی گرانادا، کاروانی وەرزشیی یاریزانەکە لەگەڵ بێنفیکا دەستیپێکردەوە، کە سەرەتا بە خواستن و دواتر لە ساڵی 2024 بە گرێبەستێکی هەمیشەیی پەیوەندی پێوەکردن.

ریال مەدرید دەیویست پێش مۆندیالی یانەکان گرێبەستەکە ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی سووربوونی روی کۆستا لەسەر وەرگرتنی تەواوی نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە کە 50 ملیۆن یۆرۆ (43 ملیۆن پاوەند) بوو، گرێبەستەکە سەرینەگرت.

کارێراس و ریال مەدرید لەسەر مەرجە کەسییەکان رێککەوتوون و ئێستا تەنیا ماوەتەوە یانەکە گرێبەستەکە تەواو بکات تاوەکو یاریزانەکە بتوانێت خۆی بۆ وەرزی نوێ ئامادە بکات، کە لە 19ی مانگی هەشت بەرامبەر ئۆساسۆنا دەستپێدەکات.

ئەگەر گرێبەستەکە سەربگرێت کارێراس دەبێتە چوارەمین گرێبەستی ئەم هاوینەی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری نوێی یانەکە، دوای دیین هایسن لە بۆرنمۆس، فرانكۆ ماستانتۆنۆ لە ریڤەرپلێت و ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد لە لیڤەرپوول.

لۆس بلانکۆس رۆژی چوارشەممە لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی جیهانیی یانەکان رووبەڕووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە.