ئەمشەو بە یارییەکی لووتکە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکان دەستپێدەکات، هەردوو یانەی چێڵسی ئینگلیزی و فلومینێنسی بەرازیلی رووبەڕووی یەکدەبنەوە و تیاگۆ سیلڤای، ئەستێرەی بەرازیلی رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە.
لە یەکەم یاریی ئەم قۆناخەدا ئەمشەو کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی مێت لایڤ هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
چێڵسی و فلومینێنسی رۆژی دووشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا و بۆ یارییەکە ئامادەن، یانە لەندەنییەکە لە مۆندیالی یانەکاندا 5 یاریی کردووە، سێ یارییان بەرامبەر یانە بەرازیلییەکان بووە، لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر فلامینگۆ دۆڕا، لە قۆناخی رابردوودا پاڵمێراسی کردە دەرەوە و ئەمشەویش رووبەڕووی فلومینێنسی دەبێتەوە.
یانەی فلومینێنسی تاکە یانەی ئەمریکای باشوورە لە پاڵەوانێتییەکەدا ماوە و دەیەوێت درێژە بە سەرکێشییەکانی بدات دوای ئەوەی لە قۆناخی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی هیلالی سعودی بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
فلومینێنسی لە پێنج یاریی رابردووی مۆندیالی یانەکاندا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دەیەوێت لەسەر هەنگاوە مێژووییەکانی بەردەوامبێت.
ئەم یارییە تایبەت و سەرنجڕاکێش دەبێت بۆ تیاگۆ سیلڤا، کاپتنی یانەی فلومینێنسی، کاتێک رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە، لەکاتێکدا پێشتر لە 2020 تاوەکو 2024 یاریزانی یانەی چێڵسی بووە و دوایین یانە بوو لە ئەورووپا یاریی بۆ کردبێت.