زانیاریی نوێ گەیشت.. مێسی لەنێوان دڵنیایی مەیامی و ملیارەکانی سعودیەدا

 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە ڕۆژنامەڤانییەکان، پێشهاتە نوێیەکانی داهاتووی لیۆنێل مێسیی ئەرجەنتینی، ئەستێرە و کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی و یەکێک لە ئامانجەکانی خولی رۆشنی سعودی، ئاشکرا دەکەن.
 
یانەکانی خولی سعودی، بەتایبەتی یانەی ئەهلی و هیلال، لە کێبڕکێیەکی بەهێزدان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ مێسی لە ماوەی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا و هاندەرانی هەردوو یانەش داوای گواستنەوەی پۆلگا دەکەن.
 
بەپێی هەواڵێکی تۆڕی "The Athletic" یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی متمانەیەکی زۆری هەیە بە نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە و لە ماوەیەکی نزیکدا، تاوەکو ساڵی 2026 گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە.
 
بەرپرسانی ئینتەرمەیامی هەوڵ دەدەن مێسی بە پڕۆژە درێژخایەنەکەی یانەکەوە ببەستنەوە، کە ئامانجی بونیاتنانی تیپێکی رکابەرە بە سەرکردایەتی ئەو یاریزانە ئەفسانەیە، هاوکات لەگەڵ گواستنەوە بۆ یاریگا نوێیەکەی "فریدەم پارک" کە بڕیارە لە ساڵی 2026دا بکرێتەوە.
 
مێسی رووبەڕووی گرنگیپێدانێکی بەهێزی یانەی هیلال بووەوە، کە وەک ئامانجی سەرەکی لە چوارچێوەی پلانی راکێشانی ئەستێرە جیهانییەکان بۆ خولی سعودی داینابوو. یانەکە خواستی روونی خۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەفسانە ئەرجەنتییەکە پێشانداوە و پێشتر راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاندبوو، فەهد بن نافل، سەرۆکی ئەو یانەیە لە ئەمریکا لەگەڵ خۆرخی مێسی، باوک و بەڕێوەبەری لیۆ کۆبووەتەوە.
 
 
ئینتەرمەیامی هیوادارە رێگە لە دەستەوارە دەرەکییەکان بگرێت و پلانی هەیە لە نزیکترین کاتدا درێژکردنەوەی گرێبەستی مێسی رابگەیەنێت، تاوەکو کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە ریزەکانی ئەو یانەیەدا بمێنێتەوە کە لە هاوینی 2023 پەیوەندیی پێوە کرد.
 
بەرپرسانی یانە ئەمریکییەکە پشت بە پەیوەندییە بەهێزەکەیان لەگەڵ مێسی دەبەستن، هەروەها ئەو سەقامگیرییە خێزانییەی کە یاریزانەکە لە مەیامی هەیەتی، وەکو هۆکارێکی یەکلاکەرەوە بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی و سەرکردایەتیکردنی پڕۆژەی داهاتووی یانەکە.
 
پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا داهاتووی مێسی پێشهاتی نوێ بەخۆیەوە ببینێت، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی بازاڕی گواستنەوەی هاوینە لە سعودیە.
 
گرێبەستی مێسی لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی لە کۆتایی ئەمساڵ کۆتاییدێت، یاریزانەکە ئازادە لەوەی گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەک بکات کە خۆی دەیەوێت، چونکە بەندێک لە گرێبەستەکەیدا هەیە رێگەی دەدات لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بە خۆڕایی لە یانەکە بڕوات.