راپۆرتی تایبەت؛ دوایین کاژێرەکانی مێرکاتۆی هاوینە لە پرێمەرلیگ
رووداو – هەولێر
لە دوایین رۆژی پرێمەرلیگدا و لە چەند کاژێری کۆتاییدا، پێشبینی گواستنەوەی چەند یاریزانێک دەکرێت، هێشتا یانەکان کەم و کوڕی لە پێکهاتەکەیاندا هەیە و دەبێت گرێبەستی نوێ واژۆ بکەن، ئێستا ئەو گرێبەستانە باس دەکەین کە رەنگە یاخود دەبێت یاخود پێویستە واژۆبکرێن.
ئەگەر باسی یانە گەورەکان بکەین، چێڵسی وەلا دەنێین، ئەوان سڕ کراون و هیچیان پێناکرێت و بۆیان نییە یاریزان بکڕن، ئەوەی هەیەتی دەبێت پشتی پێببەستێت و لەوەی سڕیش کراوە جارە جارە یاریزانێكی لێدەڕوات، ئێستا لەم چەند کاژێرەی کۆتایی ئەگەری زۆر هەیە دەیڤد لویز لەدەستبدات.
مانچێستەر سیتی، ئەو یانەیە هێندە گرێبەستی گەورە و گرانبەهای واژۆ کردووە ئێستا رەنگە پێویستییەکی ئەوتۆی نەبێت، مەگەر تەنیا پێویستی بە هێرشبەرێک بێت ئەویش تەنیا لەو حاڵەتەی ئەگەر یەکێك لە هێرشبەرەکانی لە وەرزی نوێدا لە ئاستی خۆیاندا نەبن، گواردیۆلا هێندەی پارە خەرجکردووە، ئێستا هەم یانەکە پێویستی بە هیچ نییە، هەم راهێنەرە ئیسپانییەکە رووی نییە داوای گرێبەستێکی بەرچاو بکات، سیتیزن رۆدری کڕیوە بە 72 ملیۆن پاوەند، شوێنیشی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکە جێی گومانە، کانسێلۆشی کڕیوە ئەویش رەنگە هەر سەرەکی نەبێت، ئەمە جگە لەوەی لە یوڤێش هێندە یاری نەکردووە شایەنی باسکردن بێت.
لیڤەرپوول، بەهۆی ئەوەی لە وەرزی رابردوو ئاستێکی باشی پێشکەشکردووە، پشتی خۆی لە یاریزانان کردووە، بەڵام یانەکە پێویستی بە خوێنی نوێ و یاریزانی دیکە هەیە بۆ ئەوەی بە بەرگێکی نوێوە دەربکەوێت، ناوەڕاستکارێک بۆ یانەکە دەرمانە و رێدز کۆمپلیت دەکات، ئەمە جگە لە هێرشبەرێک بۆ رکابەریکردنی فێرمینیۆ، ئەو یاریزانە پاڵەپەستۆی لەسەر نییە و پێگەکەی لە پێکهاتەی سەرەکیدا مسۆگەرە، بەڵام هێنانی هێرشبەرێکی دیکە وادەکات هیچ نەبێت فێرمینیۆ، بگرە سەڵاح و مانێش لە ئاستی خۆیاندا جێگیربن.
تۆتێنهام، ئەو یانەیە لە دوایین ساتدا لە گواستنەوەی دیبالا شکستی هێنا، بەڵام دیبالا پێویستییەکی ئەوتۆ نەبوو بۆ یانەکە، ئەگەر هەیە لیڤی سەرۆکی یانەکە بۆ گاریس بەیڵ بێتە سەر خەت، تاوەکو ئەم بەڵایە لە کۆڵ یانە شاهانەکە بکاتەوە و خۆشی لە پڕکردنەوەی کەم و کوڕییەکی یانەکەی دڵی ئاو بخواتەوە، ئەوەی لە تۆتێنهام پێویستی بە نوێبوونەوە هەیە هێڵی بەرگرییە، بەڵام نەک بە یاریزانی لاو، یاریزانی ئەزمووندار و بەنێوبانگ ئەم شوێنەیان پێ پڕدەکرێتەوە.
مانچێستەر یونایتد، ئەوان پێویستیان بە گسکێکی باش بوو لە یانەکەیانی بدەن، دەستبەرداری چەند یاریزانێک بن کە هیچ پێویست نییە لە یانەکە بەردەوام بن بەهۆی خراپی ئاستیانەوە، هێنانی چەند یاریزانێکیش دەرمانی دەردی یانە کۆنەکەی فێرگسۆن دەبێت کە ئێستاش کات ماوە و دەتوانێت گرێبەست ئەنجامبدات، دوای شکستی تۆتێنهام لە گواستنەوەی دیبالا، هەل لەبەردەمە یونایتد ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینییە بباتە یانەکە، کە ئەمە دەبێتە یەکێک لە باشترین و سەرکەوتووترین گرێبەستەکان، ناوەڕاستی یانەکە وێرانە، ئەوەی پێویستە گواستنەوەی ئیسکۆ، ئارتورۆ ڤیدال، ئیڤان راکیتیچ یان کریستیان ئێریکسن، ئەمە بۆ حاڵەتی رۆیشتنی پۆل پۆگباش سەردەگرێت و یانەکە کەلێنی تێناکەوێت، لە هێڵی هێرشبردنیشدا، هیچ هۆکارێک نییە کە ئەو یانە ئینگلیزییە ماورۆ ئیکاردی نەباتە یانەکەی، لە هەرلایەک و بۆ هەر بابەتێک باسی بکەین ماورۆ شایەن و گونجاوە بۆ مانچێستەر یونایتد.