ڤیدیۆ؛ کێشەیەکی گەورە لە تورکیا.. لامين يامال پاسپۆرتەکەی ون کرد

رووداو دیجیتاڵ

 

لەدوای یاریی نێوان هەڵبژاردەی تورکیا و ئیسپانیا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، رووداوێکی نائاسایی بەسەر ئەستێرەی ئیسپانی لامين يامال هات و پاسپۆرتەکەی لێ ون بوو.
 
هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە گەڕی دووەمی کۆمەڵەی پێنجەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەورووپا بۆ جامی جیهانی 2026 لەنێو تورکیادا بەئەنجامی 6-0 لە تورکیای میوانداری بردەوە و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا.
 
لامین یامال لەو یارییەدا دوو گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکرد، لەکاتێکدا گۆڵەکانی پاڵەوانی ئەورووپا لەلایەن میکێڵ میرینۆ (هاتریک) و پێدری (دوو گۆڵ) و فران تۆرێس تۆمارکران.
 
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، لامين يامال پاسپۆرتەکەی ون کرد و لە دۆخێکی تووڕەیدا بینرا، کە بەپێی ڤیدیۆیەک کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە، ئەو یاریزانە تووڕەیە لە کەمتەرخەمی کارگوزارانی شاندەکە.
 
یامال لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە بە پەشۆکاوی لە جانتاکەیدا بەدوای پاسپۆرتەکەیدا دەگەڕێت، ئینجا دەگەڕێتەوە ژوورەکانی جلگۆڕینی یاریگاکە بەبێ ئەوەی پاسپۆرتەکەی بدۆزێتەوە.
 
یامال بەبێ دۆزینەوەی پاسپۆرتەکەی یاریگای جهێشت، ئەمەش کاردانەوە و لێدوانی زۆری لەلایەن هەوادارانی ئەستێرە ئیسپانییەکەوە لێکەوتەوە.
 
هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە گەڕی یەکەمدا بەئەنجامی 3-0 لە بولگاریای بردبووەوە، لەکاتێکدا هەڵبژاردەی تورکیا بەئەنجامی 3-2 لە جۆرجیای بردبووەوە .
 
جگە لەو روووداوە، لە یارییەکەشدا رووداوێکی مشتومڕهێنەری دیکە بەسەر یامالدا هات، کاتێک لە دیمەنێکدا مشتومڕێکی زارەکی لەنێوان خۆی و ئاردا گولەری ئەستێرەی هەڵبژاردەی تورکیا و یانەی ریال مەدرید روودەدات، گولەر دووجار پاڵ بە یامالەوە دەنێت و ئەویش بە زەردەخەنەیەکی گاڵتەجاڕانەوە وەڵامی دەداتەوە.