ئەلۆنسۆ بڕیاری کۆتایی و یەکجارەکی لەسەر دوو یاریزان دا

رووداو دیجیتاڵ

 

چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، پێیوایە ئۆرلین چوامینی و فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی دوو یاریزانی سەرەکین لە هێڵی ناوەڕاستدا. ئەوان هێڵی سوورن و دەستلێنادرێن.
 
ئەلۆنسۆ ئەم دوو یاریزانە بە دەستلێنەدراو لە پێکهاتەی سەرەکی تیپەکەیدا دەزانێت، چونکە پێیوایە ئەوان هاوسەنگییەکی هونەری و تاکتیکی زۆر باش پێشکێش دەکەن لە هەر یارییەکدا.
 
ئەم دوو یاریزانە کە پێشتر متمانەی کارلۆ ئەنچیلۆتی-یان بەدەستهێنابوو، ئێستا لەژێر سەرپەرشتی ئەلۆنسۆدا بەردەوامن لە سەلماندنی تواناکانیان، بەهۆی پابەندبوونی زۆریان بە راهێنانەکان و رێکخستنی تاکتیکی لە یاریگەدا.
 
ئەو ئاستەی کە پێشکێشی دەکەن، بەتایبەتی کاتێک تۆپیان لانییە، وایکردووە ستافی راهێنەران و کارگێڕیی یانەکە کۆک بن لەسەر گرنگییان بۆ قۆناخی داهاتوو.
 
سەرەڕای ئەوەی چوامینی لە وەرزی رابردوودا گومانێکی زۆری لەسەربوو، تەنانەت نزیکبوو لە جێهێشتنی تیپەکە بەهۆی ناڕەزایەتی هاندەرانەوە لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بەڵام یاریزانە فەرەنسییەکە گۆڕانکارییەکی گەورەی کرد و سەلماندی کە یاریزانێکی سەرەکییە و ناتوانرێت دەستیلێبدرێت، بەتایبەتی دوای ئەو ئاستە بەرزەی کە وەرزی پێ تەواو کرد و لەم ساڵیشدا بەردەوام بوو.
 
فێدێ ڤالڤێردیش، بەهۆی ئاستە بەردەوامەکەیەوە، بووەتە یەکێک لە پایەکانی ژووری جلگۆڕین و یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکان لە سیستمی بەرگری و هێرشبردندا، بەبێ ئەوەی پێویستی بە دەرکەوتنی میدیایی یان تۆمارکردنی گۆڵی زۆر هەبێت.
 
چابی ئەلۆنسۆ، کە باوەڕی بە گرنگی بەهێزی بەرگری و رێکخستن لە هێڵی ناوەڕاستدا هەیە، پێیوایە بوونی ئەو دوو یاریزانە کلیلی سەرکەوتنە لە یارییەکاندا. 
 
بەپێی سەرچاوەکانی ناو یانەکە، ئەلۆنسۆ ئارەزووی ئەوەی هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر بیانپارێزێت، بەتایبەتی کە هەردووکیان پابەندبوونێکی زۆر بە یانەکەوە و ئارەزوویەکی روونیان بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکان بە درێسی شاهانەی ریال مەدریدەوە دەربڕیوە.