ڤیدیۆ؛ ئینفانتینۆ سەردانی یاریگە سەرنجڕاکێشەکەی مۆندیالی کرد


رووداو دیجیتاڵ

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان، سەردانی یاریگەی ئەلبەیتی کرد لە قەتەر، کە یاریی کردنەوەی مۆندیالی 2022ـی تێدا دەکرێت.

سەرۆکی فیفا سەردانی ئەو یاریگەیەی کرد، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ئامادەکارییەکان بۆ میوانداریکردنی مۆندیال و لەگەڵ لیژنەی سەرپەرشتیاری پاڵەوانێتییەکە هەموو بەشەکانی یاریگەکەی بەسەرکردەوە و پاشان بەشداریی لە یارییەکی دۆستانەی حەوت یاریزانی کرد، کە لەو یاریگەیەدا لە شاری ئەلخور بەڕێوەچوو.

یاریگەی ئەلبەیت، یاریگەیەکی سەرنجڕاکێشە، جێگەی 60 هەزار هاندەر تێیدا دەبێتەوە، تایبەت بە مۆندیالی 2022 دروستکراوە و دەکەوێتە شاری ئەلخور لە باکووری قەتەر، رووبەڕێکی فراوان بۆ یاریگەکە دابینکراوە و لە دەرەوە و ناوەوە دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی هەیە.

یاریی دەستپێکی مۆندیال لەو یاریگەیەدا دەکرێت، لە قۆناخی پێشکۆتاییشدا یاریگەکە یارییەک بەخۆیەوە دەبینێت.

چاوەڕواندەکرێت مانگەکانی داهاتوو، بەشێوەیەکی فەرمی ریکلامی تایبەت بە ئامادەبوونی یاریگەکە بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکان تێیدا بڵاوبکرێتەوە.