دز چوونە سەر ماڵی رۆناڵدۆ


رووداو دیجیتاڵ

ماڵی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال رووبەڕووی دزی بووە.

میدیای پۆرتوگال بڵاویکردەوە، لەکاتی بەڕێوەچوونی یاریی دۆستانەی هەردوو هەڵبژاردەی پۆرتوگال و ئیسپانیا، کە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، دز چووەتە سەر ماڵی رۆناڵدۆ.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی دیاریۆی پۆرتوگالی، لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکەدا چەند دزێک لە فۆنشاڵ چوونەتە سەر ماڵی رۆناڵدۆ و چەند شتێکی تایبەتی یاریزانەکەیان دزیووە.

کاتێک دز چووەتە ماڵی رۆناڵدۆ، جۆرجینیای هاوڕێشی لە ماڵەوە نەبووە، چونکە ئێستا لە پاریسە بۆ بەشداریکردن لە هەفتەی نمایشی جل و بەرگدا.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، دزەکان لە دەرگای پارکی ئۆتۆمبێڵەکەیەوە چوونەتە نێو ماڵی رۆناڵدۆ، پۆلیسی پۆرتوگالیش لە رێگەی کامێرەی چاودێرییەوە دزەکانی بینیووە.

تاوەکو ئێستا هیچ یەکێک لە دزەکان نەگیراوە و لێکۆڵینەوەی پۆلیس لەبارەی رووداوەکەوە بەردەوامە.