لامین چۆن کاردەکات بۆ ئەوەی بۆ کلاسیکۆ ئامادەبێت؟


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا، پلانێکی گشتگیری بۆ بەدەستهێنانەوەی تواناکانی لامین یامال لە یاریی کلاسیکۆ ئامادەکردووە، کە ئێستا بەدەست ئازار لە کلینچکەی دەناڵێنێت.
 
بڕیارە رۆژی 26ی ئەم مانگە، لە گەڕی دەیەمی لالیگادا، یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، کلاسیکۆی یەکەمی وەرزی ئەمساڵ لە خۆ بگرێت.
 
لامین لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ دوو یاریی داهاتووی لە پاڵاوتنەکان دوورخرایەوە، پاشئەوەی یانەی بارسێلۆنا پێکرانی ئەو یاریزانەی راگەیاند.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆتیڤۆ' دەڵێ لامین چارەسەری چڕی دەستپێکردووە لە سەنتەری وەرزشیی خوان گامبەر، لەپێناو تێپەڕاندنی پێکانەکەی.
 
بەپێی رۆژنامەکە، دەستەی پزیشکیی بارسێلۆنا و یاریزانەکەش هەست بەگەشبینی دەکەن لە بەرەوپێشچوونی زۆر باشی دۆخی پێکانەکە، لە کاتێکدا ئەو یاریزانە پابەندە بە پلانێکی وردی دەستەی چارەسەرکارانی پزیشکیی یانەکە کەتەلۆنییەکە کە کاردەکەن بۆ ئەوەی لە رێگەی چارەسەری سرووشتییەوە هێواش هێواش چاک ببێتەوە.
 
وەک رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ئەو یاریزانە هەفتەیەکی تەواو لە سەنتەرەکە دەمێنێتەوە، لە نێوان رۆژانی دووشەممە تاوەکو هەینی بەردەوام چارەسەری سرووشتی وەردەگرێت لەپێناو گەڕانەوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، لامین تەنانەت لەپێناو چاکبوونەوەدا وەک یاریزانانی دیکەی یانەکە سێ رۆژ پشووشی وەرنەگرتووە، بەڵکو لەو رۆژانەشدا کە یاریزانانی دیکە پشوو بوون، ئەو چووەتە سەنتەری مەشقەکان و لە وەرگرتنی چارەسەر بەردەوام بووە.
 
پلانەکەی بارسێلۆنا پشت بەپڕۆگرامسازییەکی فراوان دەبەستێت و ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بڕواتە پێشەوە کە پێشبینیکراوە، دەبێ لامین  توانای بەشداریکردن لە یارییەکەی جیرۆنای هەبێت بۆ ماوەی 30 تاوەکو 45 خولەک، ئەوەش لەپێناو بەدەستهێنانەوەی توانای جەستەیی و چوونەوە ناو کەشی یارییەکان.
 
ئەگەر لە دوای ئەوە لامین تووشی نوێبوونەوەی پێکانەکەی نەبێت، ئامانجی دووەم بەشداریکردنیەتی لەیاریی ئۆڵیمپیاکۆس لە چامپیۆنزلیگ بەشێوەی سەرەکی و پلانەکە وایە بۆ ماوەی 60 تاوەکو 70 خولەک یاریی بکات.
 
ئەم پێشەکییەی ئامادەکردنەوەی لامین لەپێناو ئەوەدایە ئەو یاریزانە بەتەواوی توانای جەستەییەوە بگاتە یارییەکەی کلاسیکۆ.
 
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە دەڵێ، لەنێو یانەکەدا هەموو سەرنجەکان لەسەرئەوەن، ئەو یاریزانە بۆ کلاسیکۆ لەوپەڕی توانای جەستەیی خۆیدابێت و بەتەواوی ئامادەبێت.