ڤیدیۆ؛ عێراق خۆی بۆ دوو یاریی مێژوویی ئامادەدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق ئامادەکارییەکانی لە سعودیە بۆ پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال دەستپێکردووە و دوو یاریی یەکلاکەرەوە دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە مۆندیال.
 
هەڵبژاردەکە رۆژی سێشەممە بە فڕۆکەیەکی تایبەت چووە جەددە و شەوی رابردوو دەستی بە مەشق و ئامادەکارییەکانی کرد، بۆ هەردوو یاریی بەرامبەر ئیندۆنیزیا و سعودیە.
 
گراهام ئارنۆڵد، لیستێکی لە یاریزانانی ناوخۆی خولی ئەستێرەکانی عێراق و یاریزانە پیشەگەرەکان بانگهێشتکردووە و دەیەوێت رکابەری لەسەر گەیاندنی عێراق بە مۆندیال بکات.
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا، ئاکام هاشم، شێرکۆ کەریم، یوسف ئەمین، ئوسامە رەشید، مێرخاس دۆسکی و مارکۆ فەرەج، یاریزانانی کوردن و دەیانەوێت رۆڵیان هەبێت لە سەرخستنی هەڵبژاردەکە بۆ مۆندیال.
 
رۆژی شەممە عێراق لە یەکەم یارییدا بەرامبەر ئیندۆنیزیا یاری دەکات، رۆژی سێشەممەی داهاتووش بەرامبەر سعودیە یاری دەکات و دوای ئەو یارییە سەرکەوتووی کۆمەڵەی دووەم لە پاشکۆی پاڵاوتندا بۆ مۆندیالی 2026 یەکلادەبێتەوە.
 
هەڵبژاردەی عێراق لە 1986ـەوە نەگەیشتووەتە مۆندیال و تەنیا یەکەمجار بەشدارییکردووە، ئێستا تیپەکە لەبەردەم هەلێکی مێژووییدایە بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم بگاتە جامی جیهانی.
 
لە کۆمەڵەی یەکەمی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا لە کۆمەڵەی یەکەمدا هەڵبژاردەیەک و لە کۆمەڵەی دووەمیش هەڵبژاردەیەک بە راستەوخۆ دەگەنە مۆندیالی 2026.