خولی ئیتاڵیا و رکابەرییەکی جیاواز لە وەرزی ئەمساڵدا
رووداو دیجیتاڵ
رۆما، ناپۆلی، یوڤێنتوس و دوو جەمسەرەکەی میلان، لە رکابەرییەکی توونددان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی وەرزی ئەمساڵی خولی ئیتاڵیا.
خولی ئیتاڵی لە وەرزی 2025/2026دا سەرنجی هەمووانی راکێشاوە و بەئاستە نایاب و نزیکەکانی تیپەکانی پێشەوە، ئاماژەی رکابەرییەکی سەخت و تووندمان پێدەدات بۆ گەڕەکانی داهاتووی ئەو خولە.
یانەی ناپۆلی، پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە، بە سەرکردایەتی ئانتۆنیۆ کۆنتێ، هەوڵەکانی بۆ پارێزگاری لە نازناوی خولی ئیتاڵی دەستپێکردووەتەوە، ئەو یانەیە لە 6 یاریدا، 15 خاڵی بەدەستهێناوە و لە پلەی یەکەمی سێری ئا دێت.
گاسپێرینی هەموو شتێکی لە رۆما گۆڕیوە، ئەو راهێنەرە شۆڕشێکی لە یانەکەی پایتەختی ئیتاڵیا هەڵگیرساندووە و ئەنجامەکانی یانەکە شایەتی ئەوە دەدەن کە جێپەنجەی دیار بووە، رۆما لەم وەرزەدا بە کۆکردنەوەی 15 خاڵ لە 6 یاریدا لە پلەی دووەم دێت و بەجیاوازی گۆڵ لەدوای ناپۆلییەوەیە.
ئەی سی میلان، بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی سێیەم دێت و یانەکە لەدوای دەستبەکاربوونی ئالێگری، جێگیرییەکی زیاتری بەخۆی بینیوە و پێدەچێت رکابەرێکی سەرەکی بردنەوەی نازناوی خولەکە بێت.
لەو کاتەوەی سیمۆنی ئینزاگی، یانەی ئینتەرمیلانی جێهێشتووە، یانەکە بە ناجێگیرییەکی بەردەوام لە ئاستیدا تێدەپەڕێت، ئەو یانەیە لە 6 یاریی خولی ئیتاڵیدا لەم وەرزە، 4 یاریی بردووەتەوە و 2 یاریی دۆڕاندووە، تیپەکەی کریستیان کیڤو، تاوەکو ئێستا 12 خاڵی هەیە و لە پلەی چوارەمی خولەکە دێت، بەڵام ئەو یانەیە بە تۆمارکردنی 17 گۆڵ، زۆرترین گۆڵی تۆمارکردووە تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا.
یوڤێنتوسەکەی تودۆر، لە هیچ یارییەکدا نەدۆڕاوە لەم وەرزە، ئەوان 3 یارییان بردووەتەوە و لە 3ی دیکەشدا یەکسانبوون و بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ، لە پلەی پێنجەمی خولەکە دێن.
یانەی ئاتاڵانتا، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە ئەم وەرزە، ئەو یانەیە 6 یاری کردووە، لە 2 یاریدا براوە بووە و لە 4 یاریدا یەکسانبووە، بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ، لە پلەی شەشەمی خولەکە دێت.
کریستیان پۆلیسیچ و ریکاردۆ ئۆرسۆلینی، بە تۆمارکردنی 4 گۆڵ، گۆڵکاری خولەکەن و دی مارکۆ، بە تۆمارکردنی 3 ئەسیست، زۆرترین ئەسیستی کردووە لە خولەکە.
سێریا ئا، لە 18/10/2025 بە چەند یارییەکی ئاگرینەوە دەگەڕێتەوە، لە گەڕی حەوتەمدا، رۆما رووبەڕووی ئینتەرمیلان دەبێتەوە، یوڤێنتوس دەبێتە میوانی کومۆ، میلان رووبەڕووی فیۆرێنتینا دەبێتەوە و ناپۆلیش میوانێکی قورس دەبێت لەسەر تۆرینۆ.