"ئەگەر هەیە عوسمان دێمبێلی بۆ کلاسیکۆ بگەڕێتەوە"
رووداو - هەولێر
ساکاری ئوراڤا، پزیشکی فینلەندی ئاشکرایکردووە، ئەو نەشتەرگەریییەی کە بۆ عوسمان دێمبێلی، یاریزانی یاریزانی یانەی بارسێلۆنا کراوە کاریگەریی زیاتری دەبێت وەک لەوەی چاوەڕێ دەکرێت.
ئوراڤا بە رادیۆی کاتالانی راگەیاندووە، یاریزانە فەرەنسییەکە دڵخۆشە بەوەی پێکانەکەی هەنگاوی باشی بڕیووە.
پزیشکەکە بەدیارییکراوی کاتی گەڕانەوەی یاریزانە فەرەنسییەکە بۆ نێو یاریگەکان رانەگەیاندووە، بەڵام چاوەڕواندەکرێت پێش چوونە نێو ساڵی نوێ ئەو یاریزانە دەست بە یارییکردن بکاتەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئەو یاریزانە دەتوانێت لە کلاسیکۆدا بەرامبەر ریال مەدرید یارییبکات؟ پزیشکەکە گوتی، لەوانە، بەڵام تەنیا لەوانەیە و ناتوانم گەرەنتی هیچی دیکە بکەم.
عوسمان دێمبێلی رۆژی 19-9-2017 لە یاریی بەرامبەر خیتافی تووشی پێکانبوو و بەو هۆیەشەوە ماوەیەکی زۆرە لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە.
دەستەی پزیشکی یانەکە دوورکەوتنەوەی ئەو یاریزانە 20 ساڵەی بە چوار مانگ دیارییکردبوو، بەڵام ئەگەر هەیە لە وادەی خۆی زووتر بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان و بەشداری لە یاریی کلاسیکۆدا بکات کە رۆژی 23ی مانگی داهاتوو کلاسیکۆی یەکەمی لالیگا لەنێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجامدەدرێت.