گۆڵپارێزی لێڤانتێ بانگهێشتی بنکەی دەنگدان کرا

رووداو - هەولێر

گۆڵپارێزی یانی لێڤانتێ ناوی لە بنکەیەکی دەنگداندا هاتووەتەوە و بەشداری لە یاری داهاتووی یانەکەی ناکات.

رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، یانەی لێڤانتێ دەبێتە میوانی یانەی ئاتلێتیک بلباو لە گەڕی 13ـی خولی ئیسپانیا، لێڤانتێ بۆ یارییەکە کێشەیەکی بۆ درووستبووە ئەویش ئەوەیە کە ئایتۆر فێرناندێزی گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکە ناوی لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان هاتووەتەوە لە شارەکەی خۆیدا و دەبێت ئامادەبێت.

داوا لە ئایتۆر کراوە لە شاری مۆندراگۆن لە هەرێمی باسک لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان ئامادەبێت، ئەم شارەش 50 کیلۆمەتر لە بلباو دوورە، هەروەها پێی راگەیەندراوە کە هەر دەبێت ئامادەبێت و کارەکەیان زۆر پێویستە.

مانەوەی هەر ئیسپانییەک لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگداندا بە درێژایی ئەو رۆژە تەنیا 65 یۆرۆی پێدەدەن، بۆ مانەوەی ئەو گۆڵپارێزەش لێڤانتێ داوایەکی پێشکەشکردووە، بەڵام رەتکراوەتەوە، ئەمڕۆ هەینیش بۆی هەیە داوایەکی دیکە بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی گۆڵپارێزەکەی بگەڕێنێتەوە، چونکە ئەو یانەیە لە کێشەیەکی گەورەدایە بەهۆی ئەوەی گۆڵپارێزی دووەمیشی پێکانی هەیە و دەبێت بە گۆڵپارێزی تیپی دووەم یاریبکات.


فێرناندێز دەڵێت، یانەکەم کاردەکات بۆ ئەوەی لە یارییەکەمان بەشداربم، منیش دڵنیام لەوەی لە یارییەکەدا بەشدار دەبم، بەڵام ئەگەر هەر بانگهێشتکرام، بە ئیسراحەت دەخەوم دوای دەڕۆم بۆ بنکەی دەنگدان و دواتریش بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆم دەچمە بلباو.