دهۆک و نەورۆز دەیانەوێت بگەنە قۆناخی داهاتووی جامی عێراق

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک هەنگاوەکانی بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوی جامی عێراق دەستپێدەکات و بەرامبەر یانەی حسێن یاری دەکات.
 
لە رکابەرییەکانی قۆناخی دووەمی جامی عێراقدا، ئەمڕۆ ئێوارە یانەی دهۆک لەنێو یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی حسێن دەکات و دەیەوێت یەکەم هەنگاوی بەرەو پارێزگاریکردن لە نازناوی جامی عێراق بەسەرکەوتوویی بنێت.
 
لە یارییەکەدا هاندەران ئامادەنابن، بەهۆی رووداوەکانی یاریی کۆتایی وەرزی رابردوو بەرامبەر یانەی زاخۆ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەلهویێن چیا دەیانەوێت بردنەوە تۆماربکەن و قەرەبووی ئامادەنەبوونی هاندەرانیان بە گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە بکەنەوە.
 
دهۆک تاوەکو ئێستا ئەنجامەکانی زۆر باش نین، هاندەران لە ئەنجامەکانی تیپەکە ناڕازین و چاویان لە سەرکەوتنی تیپەکەیانە.
 
چاوەڕواندەکرێت لە یارییەکەی ئەمڕۆدا، عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری یانەی دهۆک چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەی سەرەکی تیپەکەیدا بکات.
 
یانەی نەورۆز دەیەوێت بگاتە قۆناخی شازدەی جامی عێراق، کاتێک بەرامبەر یانەی بەحری یاری دەکات.
 
ئەمڕۆ ئێوارە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا لە رکابەرییەکانی قۆناخی دووەمی جامی عێراق، یانەی نەورۆز بەرامبەر یانەی بەحری یاری دەکات و هاندەران چاوەڕێی یەکەم بردنەوەی یانەکەیان دەکەن، دوای ئەوەی وەلی کەریم بووەوە راهێنەری یانەکە.
 
نەورۆز لە سەرەتای وەرزەوە ئەنجامەکانی وەکو پێویست نین، بەو هۆیەشەوە یاسین ئاراس، گرێبەستەکەی هەڵوەشێنرایەوە و وەلی کەریم بووەوە راهێنەری تیپەکە.
 
نەورۆز دوایین پێنج یاریی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا دۆڕاندووە، دەیەوێت لە جامی عێراق بە گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو زەردەخەنە بگەڕێنێتەوە نێو هاندەرانی یانەکە.
 
هەردوو یارییەکەی یانە کوردستانییەکە لە جامی عێراقدا کاژێر 18:00 دەکرێن.