بلیتی یارییەکانی مێسی و رۆناڵدۆ لە مۆندیالدا ژمارەی پێوانەیی تۆماردەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دوای راکێشانی تیروپشکی مۆندیالی 2026 و دیاریکردنی خشتەی یارییەکان، نرخی بلیتی یارییەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و ئەرجەنتین لە بازاڕی رەش بە رێژەی نزیکەی 300% بەرزبووەوە، هۆکارەکەشی بوونی هەریەکە لە یاریزانان لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆیە.
بەپێی میدیاکانی ئەمریکا و ماڵپەڕە جیهانییەکانی فرۆشتنی بلیت، پێشئەوەی رکابەرییەکان دیاریبکرێن، نرخی هەرزانترین بلیت بۆ یارییەکەی 27ـی مانگی 6ـی 2026 لە یاریگای هارد رۆک لە مەیامی کەمتر بوو لە 400 دۆلار، بەڵام کەمتر لە کاژێرێک دوای ئەوەی فیفا رایگەیاند یارییەکە لە نێوان پۆرتوگال و کۆڵۆمبیایە، نرخی بلیتەکە بۆ سەرووی 2000 دۆلار بەرزبووەوە و دواتر لە نزیکەی 2200 دۆلار جێگیربوو. ئەمەش بووە چوارەم گرانترین بلیتی پاڵەوانێتییەکە لە دوای یاریی کۆتایی و یارییەکانی پێشکۆتایی لە بازاڕی رەشدا.
هەر لە مەیامی، دووەم گەورەترین بەرزبوونەوەی نرخ بۆ یاریی نێوان بەرازیل و سکۆتلەندایە . هەروەها سێ لە گەورەترین بەرزبوونەوەکان بۆ سێ یارییەکەی ئەرجەنتین بوو لە قۆناخی کۆمەڵەکان بەرامبەر جەزائیر، نەمسا و ئوردن.
بەرزبوونەوەی نرخەکان بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی و لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینییەوە هەیە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمە شەشەم و دوایین مۆندیالی هەردوو ئەفسانەکە بێت و زۆرترین هاندەر لە سەرانسەری جیهان بە گشتی و ئەمریکا بەتایبەتی دەیانەوێت ئەو دوو ئەستێرەیە ببینن.
جگە لەو دوو ئەستێرەیە، هەڵبژاردەی سکۆتلەندا کە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 1998 دەگاتە مۆندیال، خواستێکی زۆری لەسەرە و نرخی بلیتی یارییەکانی بەرامبەر مەغریب و هایتی دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
لە بەرامبەردا نرخی بەشێک لە یارییەکان دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە، بۆ نموونە یاریی نێوان ئۆزبەکستان و براوەی پاشکۆی کیشوەرەکان لە ئەتلانتا بۆ خوار 200 دۆلار دابەزیوە.
ئەم نرخانە، نرخی فەرمیی فیفا نین، بەڵکو هی ئەو کەسانەن پێشتر بلیتەکانیان کڕیوە و ئێستا دەیفرۆشنەوە. فیفا ئامادەکاری دەکات بۆ قۆناخی سێیەمی فرۆشتنی بلیت لە 11ـی مانگی 12ـی 2025.
بەپێی بڵاوکراوەیەک لە ماڵپەڕی فەرمی فیفا، زیاتر لە 2 ملیۆن بلیت بە رێگەی ئۆنڵاین فرۆشراون و زۆرترینیان لە وڵاتانی ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیکن.