گەڕێکی نوێی چامپیۆنزلیگ.. چارەنووسی سلۆت و گەڕانەوەی بارسا

رووداو دیجیتاڵ

سبەی شەو، چامپیۆنزلیگ دەگەڕێتەوە و بە شەوێکی پڕ لە یاریی ئاگرین و یەکلاکەرەوە، بەڕێوەدەچێت. یارییەکان لە کاتێکدان کە خولەکە دەگاتە قۆناخێکی هەستیار. هەموو چاوەکان لەسەر یاریی ئینتەر بەرامبەر لیڤەرپوول لە سان سیرۆ و بارسێلۆنا بەرامبەر ئاینتراخت فرانکفۆرت لە کامپ نو دەبن، چونکە هەردوو یارییەکە دەتوانن کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر کێبڕکێی گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو، بۆ تیپەکان هەبێت.
 
ئینتەر و لیڤەرپوول لە یەکێک لە گەورەترین یارییەکانی شەوەکەدا بەیەکدەگەن، لە کاتێکدا هەردوولا هەوڵی گەیشتن بە هەشت پلەی سەرەوەی ریزبەندی قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییە دەدەن. هاوکات بارسێلۆنا بۆ هێشتنەوەی هیوا ئەورووپییەکانی بە زیندوویی، هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە بردنەوە بەرامبەر فرانکفۆرتێک کە بەدەست خراپی ئاستییەوە دەناڵێنێت.
 
ئینتەر - لیڤەرپوول، کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان
ئینتەر لە نێو یاریگەی خۆی بە 12 خاڵ و لە پلەی چوارەمە، دەچێتە نێو یارییەکەوە و پێویستی بە بردنەوەیە بۆ ئەوەی لەنێو هەشت پلەی یەکەمدا بمێنێتەوە و خۆی لە مەترسیی یارییەکانی پاشکۆ بپارێزێت. لە بەرامبەردا لیڤەرپوول بە 9 خاڵ لە پلەی 13یەمدایە، دۆڕان دەکرێت هۆکاربێت ئارنێ سلۆتی راهێنەر لە ئەرکەکەی دووربخاتەوە.
 
هەردوو یانە بەدوو ئاراستەی پێچەوانەی یەکدییەوە روو لە یارییەکەی نێوانیان دەکەن. ئەگەر ئینتەر سەرمەستی ئەنجامە باشەکانی بێت لە خول و چامپیۆنزلیگ، لیڤەر گیرۆدەی ئەنجامە خراپەکانیەتی لە خول و چامپیۆنزلیگ و ئەوەی پێویستیی زۆری بەبردنەوە هەیە لیڤەرپوولە کە چارەنووسی راهێنەرەکەی لەبەردەم رەشەبای گوشاری میدیاکان و هاندەرانیدایە.
 
بارسێلۆنا - فرانکفۆرت، کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان
بارسێلۆنا لە نێو کامپ نو یارییدەکات. دوایین یاریی بارسێلۆنا لە کامپ نو لە چامپیۆنزلیگ، دوو ساڵ بەر لە ئێستابوو. یانە کەتەلۆنییەکە بە 7 خاڵ و لە پلەی 18دا لەژێر گوشارێکی زۆردایە و باش دەزانێت، کە تەنیا بردنەوە هیواکانی بۆ قۆناخی داهاتوو بە زیندوویی دەهێڵێتەوە. لە بەرامبەردا فرانکفۆرت، کە بە کاتێکی سەختدا تێدەپەڕێت، تەنیا 4 خاڵی هەیە و لە پلەی 28دایە، زۆر نزیکە لە ماڵئاوایی کردن، مەگەر بتوانێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بارسێلۆنا شۆک بکات.
 
بارسێلۆنا ئەگەرچی لە کاروانی ئەمساڵیدا لە چامپیۆنزلیگ، نووچدان و خاڵ لەدەستدانی زۆربووە و لە گەڕی پێشووشدا بە چێڵسی دۆڕاوە، بەڵام بەوە دڵخۆشە کە لەلالیگا هەموو رووداوەکان لە بەرژەوەندیی ئەو هەڵدەسووڕێن و یانەکە دەیەوێت ئەو دۆخە باشەی لالیگا، بگوازێتەوە چامپیۆنزلیگ و خۆی لە دوو یاریی ماندووکەر لە پاشکۆی قۆناخی شانزە دەرباز بکات.
 
بایرن میونشن - سپۆرتینگ، کاژێر 20:45 بە کاتی باشووری کوردستان
بایرن بە 12 خاڵەوە بە ئاسوودەیی لە پلەی سێیەمدایە و نزیکە لە مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی راستەوخۆ. سپۆرتینگیش لە دۆخێکی باشدایە، بەڵام  پێویستی بە خاڵە بۆ ئەوەی لە پلەکانی سەرکەوتنی راستەوخۆدا بێت و کاروانەکەی لە خولەکە درێژە پێبدا.
بایرن میونشن، جگە لە دۆڕانی لە گەڕی پێشوودا بەرامبەر ئارسیناڵی ئینگلیزی، وەک یەکێک لە بەهێزترین تیپەکانی پاڵەوانێتییەکە خۆی پێشانداوە، یارییکردنی لە شەوەکەی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر سپۆرتینگ، هەلی هاوسەنگیی بەدەستهێنانەوە و مانەوە لە ریزەکانی پێشەوەی ریزبەندییەکە بەیانەکە دەدات.
 
 
ئاتاڵانتا - چێڵسی، کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان
چێڵسی بە 10 خاڵەوە لە پلەی حەوتەمدایە و ئامانجی بە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی گرنگە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، لەنێو هەشت پلەی یەکەمدا بمێنێتەوە. ئاتاڵانتاش، کە بە هەمان شێوە 10 خاڵی هەیە و لە پلەی دەیەمدایە، هەوڵدەدات بە بردنەوە لەنێو یاریگەی خۆیدا، باز بدات بۆ نێو پلەکانی سەرکەوتنی راستەوخۆ.
 
تۆتێنهام - سلاڤیا پراگ، کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان
تۆتێنهام بە 8 خاڵ و لە پلەی 16 یەمدا دەچێتە نێو یارییەکەوە و هێشتا بۆ بەدەستهێنانی پلەیەکی پاشکۆ دەجەنگێت. سلاڤیاش بە کۆکردنەوەی تەنیا 3 خاڵ لە پلەی 31دا لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، دۆڕان بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەرکرانیان یەکلایی دەکاتەوە.
 
ئایندهۆڤن - ئاتلێتیکۆ مەدرید، کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان
ئایندهۆڤن بە 8 خاڵەوە لە پلەی 15یەمدایە، بردنەوە لە یاریگەی خۆیان هیواکانیان بۆ قۆناخی پاشکۆ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە. ئاتلێتیکۆش بە 9 خاڵەوە لە پلەی 12دایە،تەنانەت یەکسانبوونیش دەتوانێت لە پێگەیەکی جێگیری سەرکەوتندا بیانهێڵێتەوە.
 
مۆناکۆ - گاڵاتەسەرای، کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان
مۆناکۆ ئێستا بە 6 خاڵەوە لە پلەی 23یەمدایە و دەجەنگێت بۆ ئەوەی پێش گەڕەکانی کۆتایی بگەڕێتەوە نێو کێبڕکێکان. گاڵاتەسەرایش  بە 9 خاڵەوە لە پلەی 14یەمدایە، دەزانێت کە بردنەوە بە نزیکەیی شوێنیان لە پلەکانی سەرکەوتنی راستەوخۆ یاخود پاشکۆ مسۆگەر دەکات.
 
لە کاتێکدا جگە لە یارییەکانی گەڕی ئەمجارە، تەنیا دوو گەڕی دیکە لەبەردەمی یانەکاندا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆیان و ئاراستەی خۆیان لە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە دیاریی بکەن، لێکدانەوەکان بۆ هەمووان تەنیا ویستی بردنەوەی تێدایە، چونکە جگە لە بردنەوە، تیپەکان بەرەو دۆخی نەخوازراو شۆڕ دەکاتەوە.