هێرشدەکرێتە سەر جود بێلینگهام

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئەو ئاستەی لەم وەرزەدا پێشکێشدەکات، رۆژنامەیەکی نزیک لە یانەی ریال مەدرید هێرشدەکاتە سەر جود بێلینگهام، ناوەڕاستکاری ئینگلیزی و یانەکە و نووسیوویەتی " بێلینگهام ئێستا جگە لە ناوەڕاستکارێک هیچی دیکە نییە."
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، دوای دۆڕانی ریال مەدرید لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ، رەخنە لە ئاستی جود بێلینگهام دەگرێت و نووسیوویەتی "کوا بێلینگهام؟ پێشتر بەبێ ئەوەی نەشتەرگەری بۆ شانی بکرێت لە دۆخێکی زۆر بەرزتردا بوو، بێلینگهام چیدیکە ئەو بێلینگهامە نییە کە لە یەکەم وەرزیدا لە ریال مەدرید هەمووانی سەرسام کرد، زەردەخەنەی لەدەستداوە، رێژەی گۆڵکردن و هەلی گەیشتن بە گۆڵی تیپی بەرامبەر کەمیکردووە، تەنانەت رێژەی کارکردنیشی کە وایکرد ببێتە یاریزانێکی دڵخوازی هاندەران لە بێرنابیۆ کەمبووەتەوە."
 
رۆژنامەکە زیاتر نووسیوویەتی "یاریزانەکە ئێستا تەنیا یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاستە، نە بەشداری لە دروستکردنی یارییدا کردووە و نە وەکو پێویست هێرش دەبات، پێدەچێت لە پێگە نوێیەکەیدا لە یاریگەدا ناڕەحەت بێت، هەرچەند چابی ئەلۆنسۆ ناتوانێت بەبێ ئەو یاری بکات، بەڵام بێلینگهام ئاستی چاوەڕوانکراوی پێشکێش نەکردووە، لە وەرزێکدا کە تیپەکەی بەدەست کەمی کوالیتی دەناڵێنێت لە هێڵی ناوەڕاستدا، یان پێویستە فۆرمی خۆی وەربگرێتەوە یان راهێنەر ناچار دەبێت بوێرانە بڕیار بدات و یاریزانەکە بخاتە سەر کورسی یەدەگ."
 
جود بێلینگهام لەم وەرزەدا لە کۆی 22 یاریی سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 1498 خولەک یارییکردووە، 5 گۆڵی کردووە و 3 ئاسیستی هەیە، لە لالیگادا 3 گۆڵ و 2 ئاسیستی لە 832 خولەکدا تۆمارکردووە.