دوو لە گۆڵكارانی خولەكانی كوردستان رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایین


رووداو – هەولێر

لە خولەكانی كوردستاندا لە تۆپی پێ، دوو لە گۆڵكاران خەڵكی رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستانن و لوتكەی گۆڵكارانی خولی نایاب و پلە یەكی كوردستانیان گرتووە.

لەگەڵ بەكۆتاهاتنی خولی نایابی لاوان و بەنیوەبوونی خولی نایابی پێشكەوتووان و هەروەها نزیكبوونەوەی بەكۆتاهاتنی خولی پلە یەكی كوردستان، گۆڵكارانی خولەكانی كوردستان دەركەوتوون .

لە خولی نایابی لاوانی كوردستان، كە یارییەكانی هەفتەی رابردوو بە كۆتا هات و لاوانی زاخۆ نازناوەكەیان بردەوە، دوو یاریزان بەیەكەوە بوونە گۆڵكاری خولەكە، كە هەریەكەیان 9 گۆڵیان هەیە، ئەوانیش دڵشاد ئەحمەد لە لاوانی یانەی بروسك و شاخەوان رەمەزان لە لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی.
لە خولی پلە یەكی كوردستانیشدا، كە دوو هەفتەی ماوە بەكۆتابێت، عەبدولقادر تەها یاریزانی یانەی برایەتی، كە كوردی رۆژئاوای كوردستانە، لە
 پێشەوەی گۆڵكارانە و 10 گۆڵی هەیە، لە دوای ئەویش یونس نووری لە یانەی كۆیە 9 گۆڵی هەیە، هەروەها لە پلەی سێیەم یونس رەشید لە یانەی سەورە دێت، كە 8 گۆڵی هەیە.

هەروەها لە خولی نایابی كوردستانیشدا، تا ئێستا هیوا عومەر، كە كوردی رۆژهەڵاتی كوردستانە و هێرشبەری یانەی هندرێنە، بە تۆماركردنی 9 گۆڵ لە پێشەوەی گۆڵكارانە.

ئەم وەرزە جیا لە وەرزەكانی پێشوو، هێرشبەر و گۆڵكاری ئاستبەرز لە خولەكانی كوردستان دەركەوتوون، بە تایبەتییش لە خولەكانی پلە یەك و نایابدا، كە ململانێیەكی بەهێز لەسەر نازناوی گۆڵكار هەیە.