هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق بە سەرکردایەتی کوردێک گەیشتە کازاخستان
رووداو هەولێر
شاندی هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق گەیشتە کازاخستان، بۆ بەشداریکردن لە دەیەمین پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی وڵاتانی ئاسیا لەنێو هۆڵی داخراودا.
شاندی عێراق لە 11 کەس پێکهاتوون کە رێبوار جەبار، ئەندامی کوردی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق سەرۆکایەتیان دەکات، تیپەکە دوێنێ گەیشتە شاری ئەستانا کە شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکانە و بڕیارە ئەمڕۆ یاریزانەکان بچنە نێو رکابەرییەکان.
رێبوار جەباری، سەرۆکی شاندی هەڵبژاردەی عێراق لە کازاخستان، لە لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاند "تەواوی ئەندامانی شاندەکەمان دوای گەشتێکی دوور و درێژ گەیشتینە شاری ئەستانا، تیپەکەمان لە بارودۆخێکی زۆر باشدایە و پشوومان داوە، ئێستا یاریزانان ئامادەن بۆ رکابەریکردن".
لەنێو شاندی عێراق چەند یاریزانێکی ئاستبەرز بۆ بەدەستهێنانی میدالیای پاڵەوانێتیی ئاسیا بەربژێرن بەتایبەت مریەم عەبدولحەمیدی ئەستێرەی بازی بەرز، کە بەر لە دوو ساڵ میدالیای زێڕی لە هەمان پاڵەوانێتی بەدەستهێناوە.
فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق لە 1948 دامەزراوە و بارەگای سەرەکی لە شاری بەغدایە، کە تاڵب فەیسەڵ سەرۆکی فیدراسیۆنەکەیە، لە 6 ساڵی رابردوودا خەڵاتی باشترین فیدراسیۆنی یارییە وەرزشییەکانی لە لایەن لیژنەی ئۆڵیمپی عێراقەوە پێیدراوە.