چەند یاریزانێکی میسری بە پەرجوو لە مردن رزگاریان دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، ژمارەیەک لە یاریزانانی تیپی تەمەن 2007ـی یانەی پیرامیدزی میسری تووشی رووداوێکی ترسناک بوون، ئەویش بەهۆی کەوتنەخوارەوەی کتوپڕی بەرزکەرەوەیەکی کارەبایی، کە تێیدا بوون لەنێو هۆتێلێکی شاری ئەسکەندەریە، لە کاتی بەڕێوەچوونی کەمپێکی راهێنانی تیپەکەدا.
رووداوەکە بووە هۆی برینداربوونی چەند یاریزانێک و شکانی قاچی چەند یاریزانێکی دیکە و چەند حاڵەتی بوورانەوەی سەخت بەهۆی شۆک و بەرکەوتنی بەهێزەوە.
بریندارەکان دەستبەجێ گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە ئەسکەندەریە، لەوێ لەژێر چاودێری ستافی پزیشکی پسپۆڕ پشکنینی ورد و تیشکی گشتییان بۆ ئەنجامدرا، تاوەکو ئێستاش هەندێکیان لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدا ماونەتەوە.
رووداوەکە دوای تەواوبوونی وانەیەکی تەکنیکی تیپەکە روویداوە، کاتێک ژمارەیەک لە یاریزانەکان دەچنە نێو بەرزکەرەوەکە بۆ ئەوەی بچنە نهۆمی زەمینی، بەڵام لەناکاو تێکچووە و لە نهۆمی چوارەمەوە بەخێرایی کەوتووەتە خوارەوە.
داواکاریی گشتی میسر دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لە وردەکارییەکانی رووداوەکە بۆ زانینی هۆکاری کێشە تەکنیکییەکە و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی بەرزکەرەوەکە، هەروەها بۆ ئەوەی بزانرێت کە تاوەکو چەند مەرجەکانی سەلامەتی و چاککردنەوەی خولیی لەو هۆتێلەدا پەیڕەو کراوە.
کاپتن هانی سەعید، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی پیرامیدز، خەمباری و پەژارەی قووڵی خۆی بۆ رووداوەکە دەربڕی و جەختی کردەوە کە ئەمە شۆکێکی گەورە بووە بۆ ستافی هونەری و کارگێڕی، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە پێشینەی کارەکانی یانەکە دڵنیابوونەوەیە لە سەلامەتی یاریزانەکان و دابینکردنی باشترین چاودێری پزیشکی بۆیان.
بەهۆی ئەم بارودۆخە لەناکاوەوە، یانەکە داوایەکی فەرمی پێشکەشی یەکێتیی تۆپی پێی میسر کردووە بۆ دواخستنی یاریی تیپی یەکەم بەرامبەر حەرەس ئەلحدود لە خولی نایابی میسر، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی میسر بە سەرۆکایەتی ئەندازیار هانی ئەبو ریدە، راگەیندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ یانەی پیرامیدز و یاریزانانی تیپی 2007ـی دوای ئەم رووداوە دڵتەزێنە دەربڕی.
فیدراسیۆنەکە هاوسۆزی خۆی بۆ یانەکە و خێزانی یاریزانە بریندارەکان نیشان دا و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ هەمووان خواست و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک لەم بارودۆخە سەختەدا.