راکردنی ماوە درێژی یانەکانی عێراق لە هەولێر بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا سەرەتای هەفتەی داهاتوو، پاڵەوانێتیی راکردنی ماوە درێژی یانەکانی عێراق لە هەولێر بەڕێوەببات.
دەستپێکی چالاکییەکانی یەکێتیی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق رۆژی هەینی دەبێت لە هەولێر، ئەویش بە سازکردنی کۆبوونەوەی ساڵانەی دەستەی گشتی یەکێتییەکەیە، کە لەو کۆبوونەوەیەدا هەموو یانە وەرزشییەکانی بەشدار لە چالاکییەکانی یەکێتییەکە بەشدارن، لەو کۆبوونەوەیەدا یەکێتیی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق راپۆرتی کارگێڕی و دارایی دەخوێنێتەوە، چالاکییەکانی وەرزی رابردوو و بەرنامە و پلانی ساڵی نوێش دادەندرێت، دواتر بە دەنگدانی دەستەی گشتی پەسەند دەکرێت.
دواتر رۆژی شەممە راکردنی بەکۆمەڵ و ماوە درێژ بۆ سەرجەم یانەکانی عێراق لە شەقامی 150 مەتری ساز دەکرێت، چاوەڕواندەکرێت زیاتر لە 60 یاریزان لەسەر ئاستی کوڕان و کچان بەشداریبکەن.
رێبوار جەباری، ئەندامی یەکێتیی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "شانازییەکی زۆر دەکەم کە هەموو وەرزشڤانانی یارییەکەمان لەسەر ئاستی عێراق دێنە پایتەختی کوردستان، بەرنامە و پلانی ساڵی نوێ لە هەولێر دادەندرێت، بۆ راکردنی بەکۆمەڵیش ئامادەباشییەکی زۆرمان هەیە و هەواهەنگیمان لەگەڵ لایەنی پەیوەندار هەیە".
کێبرکێکانی راکردنی بەکۆمەڵ بەمشێوەیە: پێشکەوتووان ئاستی کوڕان و کچان 10 کم، لاوان کوڕان 10 کم، لاوان کچان 6 کم، تازەپێگەیشتووانی کوڕان 6 کم، تازەپێگەیشتووانی کچان 4 کم.
جەباری زیاتر روونیکردەوە "ئەوەی دڵخۆشییە لەسەر ئاستی هەولێر زیاتر لە شەش یانە بەشدارن و پاڵپشتییەکی تەواوم کردوون، لەسەر ئاستی عێراق چاوەڕواندەکەین 18 یانە بەشداری بکەن".
ساڵانە یەکێتیی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق خەڵاتی باشترین یەکێتیی یارییە وەرزشییەکانی عێراق لە لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق دەباتەوە، بەهۆی کاری تەواوی لەڕووی کارگێڕی و دارایی لەگەڵ ئەنجامە باشەکانی هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا.