ڤیدیۆ؛ سۆلا لە رێگەی رووداو سپۆرتسەوە بەڵێنێک بە هاندەرانی زاخۆ دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد سۆلا، یاریزانی نێوداری لیبی و یانەی زاخۆ، لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە جامی کەنداو بۆ یانەکان بەدرێسی یانەکەوە رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە و دەڵێت "ئەگەر گۆڵم تۆمارکرد، ئاهەنگ ناگێڕم."
 
سۆلا بۆ رووداو سپۆرتس قسەیکردووە و لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی یانەی پێشووی دەڵێت "بەدڵنیاییەوە یانەی قادسیە ئەو یانەیە کە دوو وەرز و نیو یارییم بۆی کردووە و دەستکەوتی زۆرم لەگەڵی بەدەستهێناوە و یادگاریی جوانم لەگەڵی هەبووە، جامی میرم بردووەتەوە، چووینە یاریی کۆتایی جامی سوپەر، چووینە یاریی کۆتایی جامی کەنداو، بەڵام بەختمان نەبوو، یارییەکە بۆ هەردوو یانە گەورەکە جەماوەری دەبێت و هیوادارم یارییەک بکەین هاندەرانمان لێی رازی بن."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی یارییکردنی بۆ یانەی زاخۆ، محەممەد سۆلا بە رووداو سپۆرتسی گوت "بەدڵنیاییەوە یانەی زاخۆ یانەیەکی گەورەیە و شانازی دەکەم بۆ ئەم یانە گەورە و جەماوەرییە یاریی دەکەم، هیوادارم لەگەڵ زاخۆ نازناو ببەینەوە، خولی عێراق، جامی کەنداو و هەموو نازناوەکان، بەڵێن بە هاندەران دەدەین یانەکە گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا دێت و دڵخۆشییان دەکەین."
 
هێرشبەرە لیبییەکە وەڵامی پرسیاری غەریب مەجید، نێردراوی رووداو بۆ کوێت دەداتەوە، لەبارەی ئەوەی ئەگەر گۆڵی تۆمارکرد ئاهەنگ دەگێڕێت؟ ئەو دەڵێت "بەدڵنیاییەوە گۆڵ بکەم ئاهەنگ ناگێڕم، من یاریزانی ئەم یانەیە بووم و پەیوەندییەکی بەهێزم لەگەڵ هاندەران هەیە، پشتیوان بەخوا گۆڵ بکەم و ئاهەنگ ناگێڕم."
 
محەممەد سۆلا، هێرشبەری لیبی و 32 ساڵ، لە گواستنەوەی زستانەدا پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی زاخۆوە کرد و لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە جامی کەنداودا بەرامبەر یانەی قادسیە یاریی دەکات، کە پێشتر دوو وەرز و نیو لەو یانەیە یارییکردووە.