رافا یوسێتی بە شێوەی کاتی شوێنی لاپۆرتای گرتەوە
رووداو دیجیتاڵ
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بە فەرمی دەستی لە کارکێشایەوە. ئەم هەنگاوەی لاپۆرتا دوای کۆبوونەوەی ئاسایی دەستەی کارگێڕی یانەکە هات، بە مەبەستی رێگەخۆشکردن بۆ بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکان کە بڕیارە رۆژی 15ـی مانگی 3ـی 2026 بەڕێوەبچێت.
لاپۆرتا لە مانگی 3ـی 2021ـەوە سەرۆکایەتی بارسێلۆنا دەکات. دەستلەکارکێشانەوەکەی جێبەجێکردنی ماددەی 42 ـە لە پەیڕەوی ناوخۆی یانەکەیە، چونکە هەر سەرۆکێک بیەوێت دووبارە خۆی بپاڵێوێتەوە، دەبێت پێشوەختە دەست لە کار بکێشێتەوە.
لەگەڵ لاپۆرتا، هەشت ئەندامی دیکەی دەستەی کارگێڕی یانەکە دەستیان لە کارکێشایەوە، لەوانە ئەلینا فۆرت جێگری سەرۆک بۆ کاروباری دامەزراوەیی، ئەنتۆنیۆ ئیسکۆدێرۆ جێگری سەرۆک بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی و فێران ئۆلیڤێ گەنجینەوان.
ئێستا لاپۆرتا وەک بەربژێر شانبەشانی ڤیکتۆر فۆنت، چابی ڤیلاخۆانا و مارک سیریا کێبڕکێ بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی یانە کەتەلۆنییەکە دەکات.
دوای ئەم گۆڕانکارییانە، تەنیا حەوت ئەندام لە دەستەی کارگێڕی بارسێلۆنا ماونەتەوە. رافا یوسێتی بە شێوەی کاتی ئەرکی سەرۆکایەتی یانەکەی پێسپێردرا و تاوەکو 30ـی مانگی 6 لە کارەکەی بەردەوام دەبێت. رافا یوسێتی سەرپەرشتی ئەو دەستە کاتییە دەکات کارەکانی یانەکە رادەپەڕێنن تاوەکو ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دیاریکردنی سەرۆکی نوێ.
یانەی بارسێلۆنا رایگەیاندووە، دوای رۆیشتنی لاپۆرتا و ئەندامەکانی دیکە، دەستە نوێیەکە بەپێی کارنامەی دیاریکراو بەردەوام دەبن لە بەڕێوەبردنی کاروباری یانەکە.