ڤیدیۆ و گرافیک؛ ئێمباپێ، گۆڵەکانی لە یارییەکانی زیاترن

 
رووداو دیجیتاڵ

درەوشانەوەی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید بەردەوامە و یاریزانەکە لەسەر ئاستی ئیسپانیا و ئەورووپا پێشەنگی گۆڵکارانە.
 
کیلیان ئێمباپێ لە یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا، بەبێ ئەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر، رۆدریگۆ گۆس و جود بێلینگهام یاریی بکەن، گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد و سەرکردایەتیی یانەکەی کرد بۆ بردنەوەی یارییەکە و درێژەدان بە رکابەریکردنی یانەی بارسێلۆنا لەسەر پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیا.
 
ئێمباپێ لەم وەرزەی لالیگادا، 22 یاریی ئەنجامداوە، 1936 خولەک یارییکردووە، 82 لێدانی بۆ گۆڵی رکابەرەکانی یانەی ریال مەدرید بووە، 23 گۆڵی تۆمارکردووە، بە رێژەی 1.045 بۆ هەر یارییەک، جگە لەوەش 4 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی تۆمارکردووە، کەواتە لە 22 یارییدا بەشداریی لە 27 گۆڵدا کردووە.
 
لەو گۆڵانەی لەم وەرزەدا ئێمباپێ تۆماریکردوون 8 گۆڵی بەلێدانی سزا بووە.
 
ئەمە تەنیا لەسەر ئاستی ئیسپانیا نییە، بەڵکو لەسەر ئاستی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپاش، سەرەڕای ئەوەی ریال مەدرید بەشێوەی راستەوخۆ نەگەیشتە قۆناخی شازدە، بەڵام درەوشانەوەی ئەستێرە فەرەنسییەکە هەر بەردەوامە.
 
ئێمباپێ لە چامپیۆنزلیگدا 7 یاریی ئەنجامداوە، 13 گۆڵی تۆمارکردووە، کە 11 گۆڵیان بە قاچی راست و دوو گۆڵی بە لێدانی سەر بووە، لەو 13 گۆڵەی 3 گۆڵی بەلێدانی سزا بووە.
 
کەواتە بە رکابەرییەکانی لالیگا و چامپیۆنزلیگەوە ئێمباپێ 29 یاریی لەم وەرزەدا ئەنجامداوە، 36 گۆڵی تۆمارکردووە، بەشداریی لە 40 گۆڵدا کردووە و پێشەنگی هەمووانە.