وردەکارییەکانی کۆچی دوایی پزیشکەکەی بارسێلۆنا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای و تۆپی پێی ئیسپانیا، بەهۆی کۆچی دوایی پزیشکێکی یانەکە کەوتنە نێو دۆخێکی خراپ و وردەکاریی نوێ لەبارەی کۆچی دوایی ئەو پزیشکە ئاشکرا دەبێت.
 
کەمتر لە کاژێرێک بەر لە بەڕێوەچوونی یاریی نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ئۆساسۆنا، هەواڵی کۆچی دوایی کارلێس مینیارۆ گارسیا، بڵاوبووەوە و تۆپی پێی ئیسپانیای هەژاند.
 
یانەی بارسێلۆنا لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی "بەداخەوە کۆچی دوایی پزیشکی یەکەمی یانەکەمان، کارلێس مینیارۆ گارسیا رادەگەیێنین."
 
بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکە، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا چووەتە ژووری جلگۆڕین و بە یاریزانەکانی گوتووە، یارییەکە ناکرێت، بەڵام هۆکاری ئەنجامنەدانی یارییەکەی پێنەگوتوون، چونکە هێشتا بڕیاری فەرمی لەبارەی دواخستنی یارییەکە نەدرابوو.
 
دوای ئەوە یانەی بارسێلۆنا پەیوەندیی بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا کرد و هەرسێ لا، لەسەر ئەوە رێککەوتن کە یارییەکە بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت، بەهۆی ئەو دۆخە دەروونییەی یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا تێیکەوتوون.
 
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "پزیشکەکە بەیانییەکی زوو لەگەڵ یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا بووە، بەیەکەوە خواردنیان خواردووە و دوای ئەوە خۆیان بۆ یارییەکە ئامادەکردووە، بەڵام دوای نیوەڕۆ دوای ئەوەی لەگەڵ دەستەی  لە خەودا کۆچی دواییکردووە."

 
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لەبارەی کۆچی دوایی پزیشککەوە بە کەناڵی یانەکەی گوت "هەواڵێکی زۆر بە ئازارە بۆ یانەی بارسێلۆنا و تووشی شۆکبووین، ئەمە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر هەموومان هەبوو، پەیوەندیمان بە هاوژین و دایکی مینیارۆوە کرد و لە هەواڵەکەمان ئاگادارکردنەوە."
 
سەرۆکی بارسا زیاتر گوتی "تێگەیشتنێکی گەورە و زۆرباشمان هەیە بۆ هاندەرانی یانەی ئۆساسۆنا و سوپاسی ئەو رێزلێنانەیان دەکەین کە بۆ کارلێس هەیانبوو، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی رۆڵیان لە دواخستنی یارییەکەدا هەبوو."
 
کارلێس مینیارۆ گارسیا، تەمەنی 50 ساڵە، خاوەنی دوو منداڵە و لە ساڵی 2017ـەوە پزیشکی یانەی بارسێلۆنایە و پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ سەرجەم یاریزانەکانی یانەکە هەبوو و کەسێکی خۆشەویستبووە لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا.