لێدوانێکی چاوەڕواننەکراو لەبارەی نەگەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا

 
رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژیکی کەم بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی یانەی بارسێلۆنا، چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا لە هەڤپەیڤینێکدا دەرکەوت و باس لە هۆکارەکانی نەگەڕانەوەی مێسی بۆ یانەکە دەکات.
 
چاڤی لە بارەی لیۆنێل مێسییەوە دەڵێت "سەرۆک راستییەکان ناڵێت، مێسی لە مانگی یەکی 2023 زۆر نزیکبوو بگەڕێتەوە بارسێلۆنا، دوای ئەوەی نازناوی مۆندیالی بردەوە، پەیوەندیمان هەبوو و پێیگوتم زۆر بەپەرۆشم بۆ گەڕانەوە و چاویشم پێیکەوت، پەیوەندییەکانمان تاوەکو مانگی 3 بەردەوامبوون، پێمگوت هەر کاتێک رەزامەندیی کۆتاییتدا من سەرۆک ئاگادار دەکەمەوە، چونکە لە رووی وەرزشییەوە بەتەواوی بەلامەوە گونجاو بۆ یانەکە."
 
راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا دەڵێت "سەرۆک دەستی بە گفتوگۆکردن کرد بۆ گەڕاندنەوەی مێسی و لەگەڵ باوکی لە گفتوگۆدا بوو، بەتایبەت کە گڵۆپی سەوز لەلایەن لالیگاوە بۆ یانەکە هەڵکرابوو، بەڵام لاپۆرتا خۆی لە هەموو شتێک کشاندەوە و راست و راست پێیگوتم، ئەگەر مێسی بگەڕێتەوە شەڕ لە دژی رادەگەیێنێت و ناتوانێت رێگە بەوە بدات، دوای ئەوە لە ناکات، مێسی وەڵامی پەیوەندییەکانی منیشی نەدەدایەوە، چونکە لەلایەکی دیکەوە کارگێڕیی یانەکە پێیانگوتبوو، ئەوە ناکرێت، ئەویش وا تێگەیشتبوو کە هۆکارەکەی منم."
 
لەبارەی ئەوەی هۆکارەکانی بۆ مێسی روونکردووەتەوە؟ چاڤی گوتی "پەیوەندیم بە باوکییەوە کرد و پێمگوت خۆرخی ناکرێت ئەمە راست بێت، ئەویش پێیگوتم، لەگەڵ سەرۆک قسە بکەم، جەختم کردەوە ئێمە ماوەی پێنج مانگ قسەمان لەگەڵ مێسی دەکرد و رێککەوتن لەسەر هەموو شتێک کرابوو، لەرووی وەرزشییەوە هیچ گومانێک نەبوو، لەرووی ئابوورییەوە بڕیاربوو لە یاریگەی مۆنتجویک مێسی ببینین و هەموو شتێک ئامادەبوو، زۆر بەپەرۆش بووم مێسی بگەڕێتەوە و من راهێنەرایەتیی بکەم، بەڵام ئەوان ئێمە لە یەکدی دوورخستەوە."
 
ئایا قسە لەگەڵ مێسی دەکەی؟ ئەمە پرسیارێکی دیکەیە لە چاڤی کراوە و ئەو دەڵێت "بەڵێ، پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ مێسی هەیە."
 
لەبارەی ئەوەی باسیان لە هەڵبژاردنەکانی یانەکە کردووە؟ راهێنەری پێشووی بارسا گوتی "ئەمانە گفتوگۆی تایبەتن، جگە لەوەش، بەو پێیەی بابەتەکە پەیوەندی بە لێوەوە هەیە و بەهۆی زانینی ئەو کاریگەرییە گەورەیەی کە هەیەتی، پێم باشە هیچ نەڵێم، بەڵام باشە، پێموایە هەمووتان دەزانن ئەو بیر لە چی دەکاتەوە."
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا ئایا زۆری پێچوو تاوەکو جارێکی دیکە قسەی لەگەڵ مێسی کرد؟ چاڤی دەڵێت "بەڵێ، چونکە ئەو بەو شێوەیە بیری دەکردەوە کە من بەشێکبووم لەو پلانگێڕییە، ئەوەش کاریگەرییەکی زۆری پەیوەندیم لەگەڵ لیۆ هەبوو، بەڵام ئێستا دووبارە پەیوەندییەکانمان باشبووەتەوە."
 
ئەم قسانەی چاڤی هێرناندێز لەکاتێکدایە، مێسی دوای رۆیشتنی لە یانەی پاریس سانجێرمان لە ساڵی 2023 زۆر نزیکبوو بگەڕێتەوە بارسێلۆنا و دەنگۆی زۆر لەبارەی گەڕانەوەی بڵاوکرانەوە، بەڵام گرێبەستەکە نەکرا و لیۆ کاروانەکەی بردە یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی.