فەرمی.. عێراق داوای دواخستنی پاشکۆی مۆندیال دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی، داوای دواخستنی یارییەکەیان لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 دەکات، بەڵام فیفا داواکارییەکەی رەتکردووەتەوە.
هەردوو رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی و گاردیانی بەریتانی بڵاویانکردووەتەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی داوای لە فیفا کردووە یارییەکەیان لە پاشکۆی پاڵاوتنەکان دوابخرێت، داواکارییەکەشیان دوای ئەوە دێت کە بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت ئاسمانی وڵاتەکان داخراون و ئەنجامدانی گەشت زۆر زەحمەتە.
بەپێی سەرچاوەکان، فیفا ئەو داواکارییەی عێراقی رەتکردووەتەوە، لەکاتێکدا پێویستە هەڵبژاردەکە بە رێگەی وشکانی 25 کاژێر ببڕێت و بچێتە تورکیا، پاشان بەرەو مەکسیک بەڕێبکەوێت، جگە لەوەش ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەکە رووبەڕووی کێشە دەبنەوە و بەهۆی داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەوە زەحمەتە بتوانن گەشت بکەن.
جگە لەوە لە سەرەتای جەنگەوە گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی لە دووبەی گیریخواردووە و نەیتوانیووە بگەڕێتەوە عێراق، هەرچەند راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، ئەگەری هەیە بە رێگەی وشکانی بگەڕێتەوە.
کێشەیەکی دیکەی بەردەم هەڵبژاردەی عێراق ئەوەیە، ژمارەیەکی زۆری یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە هێشتا ڤیزای چوونە مەکسیک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا عێراق پلانی دانابوو بەر لە رووبەڕوبوونەوەی سورینام یان بۆلیڤیا کەمپێکی مەشق و راهێنان ئەنجامبدات.
پێشنیازییەکەی عێراق بۆ فیفا بەو شێوەیە بووە کە ئەو دوو هەڵبژاردە یارییەکەیان ئەنجامبدەن، بەر لە مۆندیال بە هەفتەیەک یاریی یەکلاکەرەوە لەنێوان عێراق و براوەی یارییەکە بکرێت، بەڵام داواکاریی عێراق بۆ دواخستنی یارییەکە رەتکراوەتەوە.
رۆژی 31ـی ئەم مانگە عێراق یاریی یەکلاکەرەوە بەرامبەر یەکێک لە هەردوو هەڵبژاردەی بۆلیڤیا و سورینام دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە مۆندیالی 2026، بەڵام دیارنییە هەڵبژاردەکە چۆن گەشتەکەی ئەنجامدەدات.