پەیامێکی گرنگ لە ترەمپەوە لەبارەی هەڵبژاردەی خانمانی ئێرانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا لەبارەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێرانەوە قسە دەکات و دەڵێت "ئوسترالیا هەڵەیەکی گەورە دەکات رێگەدەدات بە زۆر هەڵبژاردەکە بگەڕێندرێتەوە ئێران."
 
ترەمپ لە پەیامێکی نوێدا لە هەژماری خۆیدا لە ترۆس سۆشیاڵ دەڵێت " ئوسترالیا هەڵەیەکی مرۆیی گەورە دەکات بەوەی رێگە دەدات هەڵبژاردەی نیشتمانیی تۆپی پێی خانمانی ئێران بە زۆر بگەڕێندرێنەوە بۆ ئێران، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەوێ دەکوژرێن."
 
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نووسیوویەتی "ئەوە مەکە جەنابی سەرۆک وەزیران، مافی پەنابەرییان پێ ببەخشە. ئەگەر ئێوە وەریان نەگرن، ویلایەتە یەکگرتووەکان وەریان دەگرێت. سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە."
 
ئەم قسانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدان، هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێران بۆ یارییەکانی جامی ئاسیا لە ئوسترالیایە و دوای سێ دۆڕانی لەدوای یەک ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد.
 
بەهۆی ئەوەی لە یاریی یەکەمیاندا بەرامبەر کۆریای باشوور، وەکو هەڵوێستێک بەرامبەر رژێمی ئێران یاریزانەکان ئامادەنەبوون سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان بڵێنەوە، لە دوای ئەنجامدانی یاریی سێیەمیان لە پاڵەوانێتییەکەدا ژمارەیەک هاندەری ئێرانی لە ئوسترالیا هێرشیانکردە سەر پاسی تیپەکە و هەڕەشە لە یاریزانەکان کرا.
 
دوای ماڵئاواییکردنی هەڵبژاردەکە لە جامی ئاسیا، تاوەکو ئێستا تیپی تۆپی پێی خانمانی ئێران نەگەڕاوەتەوە وڵاتەکەی و لە ئوسترالیا ماوە و تەنانەت ناتوانن لەو هۆتێلەش بێنە دەرەوە کە تێیدا دەمێننەوە، بەتایبەت کە ئەو کەسانەی هاوسۆزییان سوپای پاسدارانی ئێرانن چاودێریی تووندی تیپەکە دەکەن، بەمشێوەیە تیپەکە بەتەواوی لە جیهانی دەرەوە دابڕاوە و تەنانەت چاودێریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیشیان دەکرێت.
 
عەلی بورنایی، رۆژنامەڤانێکی سەربەخۆیە و بە تۆڕی DWـی ئەڵمانی گوتووە، رەنگە ئەو مامەڵەیەی یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران کاتێک دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان وەکو خیانەتێکی گەورە هەژماربکرێت کە سزاکەی لە سێدارەدانە.