ئەو پیاوە نادیارە کێیە چاڤیی لە بارسێلۆنا دوورخستەوە؟
رووداو دیجیتاڵ
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا بۆ یەکەمجار ناوی کەسایەتییەک لە یانەی بارسێلۆنا ئاشکرا دەکات کە بووەتە هۆکاری دوورخستنەوەی و دەڵێت: ئەو لەسەرووی لاپۆرتاوەیە.
چاڤی هێرناندێز، ئەفسانە و راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەگەڵ رۆژنامەی 'لا ڤانگاردیا'ـی ئیسپانی، چەند تۆمەتێکی تووندی ئاراستەی خوان لاپۆرتا و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی بە ناوی ئالیخاندرۆ ئیچێڤیریا کرد.
چاڤی بە راشکاوی گوتی "ئیچێڤیریا دەسەڵاتی لە خوان لاپۆرتا زیاترە و ئەو هەموو بڕیارەکان دەدات، تەنانەت بڕیاری دوورخستنەوەی منیش هەر ئەو داویەتی".
هەروەها گوتی "ئیچێڤیریا هەڵمەتێکی بۆ رزگاربوون لە من دەستپێکرد، بە یاریزانەکانی دەگوت کە من دەمەوێت بیانفرۆشم، لە کاتێکدا ئەمە بە هیچ شێوەیەک راست نەبوو، تەنانەت وایلێهات سێرجی رۆبێرتۆ هاتەلام و پێیگوتم دەتەوێت بمفرۆشیت، بەڵام ئەوانە هەمووی راست نەبوون."
ئیچێڤیریا کێیە و چۆن گەیشتە لووتکەی دەستەڵاتی بارسێلۆنا؟
ئەو خاڵە سەرنجڕاکێشەی لەسەر ئالیخاندرۆ ئیچێڤیریا هەیە ئەوەیە کە هیچ پۆستێکی فەرمی لەنێو پێکهاتەی کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنادا نییە و هیچ مووچەیەکیش لە یانەکە وەرناگرێت، بەڵام بە کردەوە بەهێزترین پیاوی ناو یانەکەیە.
1- پەیوەندی خزمایەتی: ئیچێڤیریا برای هاوژینی پێشووی خوان لاپۆرتایە.
2- نازناوەکانی: میدیا ئیسپانییەکان بە 'جێگری سەرۆکی نافەرمی' یان 'پیاوە نادیارەکە' و 'ئەندازیاری گرێبەستەکان' ناوی دەبەن.
3- رۆڵی لە یانەکەدا: ئەو بەرپرسە لە پەیوەندی نێوان یاریزانان و کارگێڕیی باڵا، دەستێکی باڵای هەیە لە بڕیاردان لەسەر کڕین و فرۆشتنی یاریزانان و گۆڕینی راهێنەران.
4- مێژووی لەگەڵ لاپۆرتا: لە ساڵی 2003ـەوە کاتێک لاپۆرتا بۆ یەکەمجار بوو بە سەرۆک، ئیچێڤیریا پشتگیری دارایی و مانەوەی کردووە و لە هەموو قۆناخەکاندا لەگەڵیدا بووە.
تۆمەتە مێژووییەکانی سەر ئیچێڤیریا
دوورخستنەوەی ئەستێرەکان: جگە لە چاڤی، زۆر راپۆرتی رۆژنامەڤانی باس لەوە دەکەن کە ئەو یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی رۆیشتنی لیۆنێل مێسی لە بارسێلۆنا.
دژایەتیکردنی تێر شتێگن: ئەو لە پشت ئەو هەڵمەتانەوە بووە کە دژی ئەندرێ تێر شتێگنی گۆڵپارێزی ئەڵمانی ئەنجامدراون.
رابردووی سیاسی: لە سەرەتای ویلایەتی یەکەمی کارکردنی لاپۆرتادا وەکو سەرۆکی بلاوگرانا، تۆمەتبار کرا بەوەی پەیوەندی بە دەزگایەکی نزیک لە رژێمە دیکتاتۆرییەکەی 'فرانکۆ'ـەوە هەبووە، کە ئەوکات بووە هۆی کێشەی گەورە بۆ یانەکە.
ئالیخاندرۆ ئیچێڤیریا وەک سێبەرەکەی لاپۆرتا وایە، کەسێکە کە لە پشت پەردەوە بڕیارە چارەنووسسازەکانی یانەی بارسێلۆنا دەدات، بەبێ ئەوەی لەبەردەم ئەندامانی یانەکەدا بەرپرسیار بێت، ئەمەش وایکردووە هەمیشە ببێتە جێگەی مشتومڕ و رەخنەی تووندی هاندەران و رکابەرەکانی لاپۆرتا.