ڤیدیۆ؛ لە یارییەکدا 23 یاریزان کارتی سووریان وەرگرت
رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی تۆپی پێدا لە بەرازیل شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورە دروستبوو و بەو هۆیەوە 23 یاریزان کارتی سووریان بەڕوودا بەرزکرایەوە.
لە یاریی کۆتایی جامی "کامپیۆناتۆ مینێرۆ"دا لەنێوان هەردوو یانەی ئاتلێتیکۆ مینێرۆ و کروزێرۆ لە بەرازیل، رووبەڕووی یەکبوونەوە، کروزێرۆ یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە و بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2019ـەوە بووە پاڵەوانی ویلایەتی میناس جێرایس، بەڵام ئەمە چیرۆکە سەرەکییەکە نییە.
لە یارییەکەدا شەڕ و پێکدادان، توندوتیژی و رووبەڕووبوونەوەی یاریزاناندا لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا، سەرنجی هەمووانی لەسەر یارییەکە لابرد، یاریزانانی هەردوو یانە بە بۆکس کەوتنە گیانی یەکدی و پۆلیسی یاریگە بەخێراییەکی زۆر هاتنە نێو یاریگە، بەڵام هەر سوودی نەبوو و ماوەیەکی زۆر گرژی و ئاڵۆزییەکە بەردەوامبوو.
رووبەڕووبوونەوە بەکۆمەڵەکە ئەو کاتە دەستیپێکرد کاتێک ئیڤەرسۆنی گۆڵپارێزی ئاتلێتیکۆ، کریستیانی یاریزانی کروزێرۆی خستە سەر زەوی و ئەژنۆی خستە سەر سنگی ئەو یاریزانە، کە لە کاتی راکردن بەدوای تۆپێکی بێ خاوەندا بەریەککەوتنی لەگەڵ گۆڵپارێزەکە هەبوو.
دوای ئەوە یاریزانەکان بەلێشاو چوونە نێو ناوچەی سزا و شەڕەکە زۆر گەورەتربوو، بەو هۆیەوە ناوبژیوانی یارییەکە 23 یاریزانی بە کارتی سوور کردە دەرەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کارتە سوورەکان هێندە زۆربوون ماتێوس دیلگادۆ کاندانکانی نەیتوانی هەمووان بەسەریەکەوە لە یاریگەدا بەرزبکاتەوە.
لە یانەی کرۆزێرۆ 12 یاریزان کارتی سووریان وەرگرت، لە یانەی ئاتلێتیکۆ مینێرۆ 11 یاریزان بە کارتی سوور کرانە دەرەوە، دوو یاریزانی دیار لەنێو یاریزانە دەرکراوەکان هەن، ئەوانیش هوڵک و رێنان لۆدین، کە پێشتر هەردووکیان بۆ چەند یانەیەکی نێوداری ئەورووپا یارییانکردووە.
دوای یارییەکە و رووداوەکانی نێو یاریگە، هوڵک قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی "ئەمە جێگای داخە، ئێمە نابێت ببینە نموونەیەکی ئاوا، چونکە ئەمە کاردانەوەی لە هەموو جیهاندا دەبێت. ئێمە بەرپرسیارێتی پاراستنی ناوبانگی خۆمان و ناوبانگی یانەکەمان لەسەر شانە."