مەترسی لەسەر خەونی گەیشتن بە گۆڵی 1000 بۆ رۆناڵدۆ هەیە
رووداو دیجیتاڵ
پێکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و چوونی بۆ مەدرید بۆ وەرگرتنی چارەسەر، مەترسی لەسەر هەنگاوەکانی ئەو یاریزانە بۆ گەیشتن بە 1000 گۆڵ دروستدەکات.
یانەی نەسڕی سعودی، هەست بە نیگەرانی دەکەن دوای ئەوەی پشکنینە پزیشکییەکان دەریانخستووە پێکانەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی، لە ماسوولکەی پشتەوەی قاچیدایە و پێویستی بە چارەسەری ورد هەیە، ئەمەش مەترسی لەسەر بەردەوامبوونی یاریزانەکە لەم وەرزەدا دروست کردووە.
کریس لە کاتێکی هەستیاردا تووشی پێکانبووە. خۆرخێ جێسۆس، راهێنەری یانەی نەسڕ، لەبارەی پێکانەکەیەوە دەڵێت "پشکنینە پزیشکییەکان دەریانخستووە رۆناڵدۆ تووشی پچڕانی بەستەری ماسوولکەی پشتەوەی قاچ بووە، بۆ چارەسەر دەچێتە مەدرید" ئەم جۆرە پێکانە لە زانستی پزیشکیدا پێویستی بە مامەڵەیەکی زۆر وریایانە هەیە، بەتایبەت کە پشکنینەکان نیشانی دەدەن پێکانەکە لەوە زیاترە کە پێشبینی دەکرا.
یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم رۆناڵدۆ تەمەنەکەیەتی، چونکە گەیشتووەتە 41 ساڵ. لەم تەمەنەدا ماسوولکەکان نەرمی جاران و توانای خێرای نوێبوونەوەی خانە زیانلێکەوتووەکانیان لەدەست دەدەن. پسپۆڕان پێیانوایە دوورکەوتنەوەی رۆناڵدۆ رەنگە 30 رۆژ بخایەنێت، ئەمەش کاتێکی هەستیارە بۆ یانەی نەسڕ لەکاتێکدا تەنیا 2 خاڵ لە ئەهلی و 3 خاڵ لە هیلالەوە دوورە و پێویستییەکی زیاتری بە کریستیانۆ هەیە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی خولی سعودی.
جگە لەوەش گورزێکی گەورە بەر رۆناڵدۆ دەکەوێت تاوەکو توانای جەستەیی تەواوی بۆ دەگەڕێتەوە پێویستی بە کاتی زیاتر دەبێت.
مەترسی گەورە لە گەڕانەوەی پێشوەختەی رۆناڵدۆدایە بۆ یاریگەکان. ئەگەر یاریزانەکە پێش چاکبوونەوەی تەواو بگەڕێتەوە، رەنگە تووشی پێکانێکی قورستر ببێتەوە و وەرزی ئەمساڵی بە یەکجاری کۆتایی پێبێت. جگە لە لایەنی جەستەیی، لایەنی دەروونیش کاریگەری دەبێت، چونکە یاریزانەکە ترسی ئەوەی دەبێت لە کاتی راکردنە خێراکاندا دووبارە تووشی پچڕان ببێتەوە. ئەم دڵەڕاوکێیە رەنگە رێگری لێ بکات ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکێش بکات، جگە لەوەش کریستیانۆ رۆناڵدۆ چاوی لەوەیە بەشداری لە مۆندیالی 2026 بکات، بۆیە پێویستییەکی زۆری بەوەیە مامەڵەیەکی تەندروست و دروست لەگەڵ پێکانەکەی بکات.
نەسڕ بە روونی پێویستی بە توانای هێرشبەری و سەرکردایەتی ناو یاریگەی رۆناڵدۆ هەیە. ئەو یاریزانە لە کاروانی وەرزشیدا 28 جار تووشی پێکان بووە، بەڵام ئەمەیان بەهۆی تەمەن و گوشاری یارییەکانەوە جیاوازە. تیمی پزیشکی هەوڵ دەدەن باشترین چارەسەر دابین بکەن تاوەکو رۆناڵدۆ بە سەلامەتی بگەڕێتەوە و بتوانێت بگاتە خەونی گەیشتن بە گۆڵی 1000 پێش ئەوەی کاروانە وەرزشییەکەی تەواو بکات.