ئاشکرابوو.. مێسی ساڵانە ملیۆنان دۆلار لە ئینتەرمەیامی وەردەگرێت


رووداو دیجیتاڵ

خۆرخی ماس، هاوبەشی خاوەنداریەتیی یانەی ئینتەر میامیی ئەمریکی خەرجییەکانی ساڵێکی لیۆنێل مێسی لە یانەکە ئاشکرا دەکات.
 
ماس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی "بلومبێرگ"ی جیهانی گوتی "هاتنی مێسی بۆ فلۆریدا لە هاوینی 2023 یانەکەی گواستووەتەوە بۆ رەهەندێکی ئابووری و بازاڕسازییەکی تەواو جیاواز، ئەمەش تێچوویەکی دارایی زۆری هەیە، بە جۆرێک مووچە و شایستە داراییە راستەقینەکان زۆر زیاترن لەو ژمارانەی پێشتر راگەیاندرابوون."
 
بەپێی ئامارەکان مووچەی بنەڕەتیی ئەستێرەکەی پێشووی پاریس سان جێرمان و بارسێلۆنا نزیکەی 20.45 ملیۆن دۆلارە لە ساڵێکدا، بەڵام تێچووی راستەقینە کە دەکەوێتە سەر یانە ئەمریکییەکە، زۆر لەو ژمارەیە زیاترە، ئەمەش بەهۆی بەندە زیادەکان و رێککەوتنە بازرگانییەکان کە پەیوەستن بە ئەستێرە ئەرجەنتییەکەوە.
 
خۆرخی ماس سەبارەت بە بارگرانییە داراییەکانی گرێبەستە گەورەکان گوتی: "پێویستم بە سپۆنسەرە، دەبێت سپۆنسەرەکان لە ئاستی جیهانیدا بن، چونکە تێچووی یاریزانەکان بەرزە."
 
لە بارەی مێسییەوە خۆرخی دەڵێت "من ساڵانە لە نێوان 70 بۆ 80 ملیۆن دۆلار بە مێسی دەدەم کە شایستەی هەموو سەنتێکە و ئەم ژمارەیە هەموو شتێک دەگرێتەوە."
 
رادیۆی "مۆنتی کارلۆ"ی فەرەنسی رایگەیاند: خاوەنە هاوبەشەکەی یانەکە نەچووەتە ناو وردەکاریی ئەم ژمارانە، بەڵام ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە نێوان مووچەی بنەڕەتی و کۆی ئەو بڕە پارەیەی کە ماس باسی کردووە، دەگەڕێتەوە بۆ بەندێکی بێوێنە کە رێگە بە مێسی دەدات رێژەیەکی سەدی لە نرخی بازاری یانەکە وەربگرێت، کە لە کاتی هاتنی ئەوەوە گەشەیەکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە؛ بە جۆرێک نرخی یانەکە لە 585 ملیۆن دۆلارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 1.35 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە."
 
مێسی لە 2023 لە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە پەیوەندیی بە ئینتەرمەیامی کرد، تاوەکو ئێستا یاریزانەکە 3 نازناوی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە.