عەلی بلێهی لە دەرەوەی یاریگەش واز لە رۆناڵدۆ ناهێنێت

رووداو دیجیتاڵ

عەلی بلێهی، بەرگریکاری یانەی هیلالی سعودی، پەیامێکی ئاراستەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی کاپتنی یانەی نەسڕ کرد، دوای ئەوەی لە یارییەکەی نێوانیاندا بووە هۆکاری دەرکردنی دۆن کریستیانۆ.
 
یانەی هیلال لە یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری سعودیەدا، کە لە ئەبوزەبی بەڕێوەدەچێت بە ئەنجامی 2-1 لە یانەی نەسڕی بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە. لە خولەکی 86ـی یارییەکەدا ناوبژیوان محەممەد هوەیش کارتی سووری بەڕووی کریستیانۆ رۆناڵدۆدا بەرزکردەوە، بەهۆی بەگژداچوونەوەی لەگەڵ عەلی بلێهی.
 
عەلی بلێهی، بەوەندە رانەوەستا و دوای یارییەکەش لێدوانێکی لەسەر رووداوەکە دا و بە رۆژنامەڤانانی گوت "بە کریستیانۆ دەڵێم بەسەلامەتی دەگاتە ماڵەوە، پشتیوان بەخوا".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، بەرگریکاری یانەی هیلال گوتیشی "ئێمە و ئیتیحاد یەک تیپین".
 
یانەی هیلال پێنجشەممەی داهاتوو بەرامبەر یانەی ئیتیحاد پاڵەوانی بەرگریکار، یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعودیە ئەنجام دەدات، لە شەشەمین رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی ئەم وەرزەدا، کە هیلال لە پێنج یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە (لە خولی سعودیە، چامپیۆنزلیگی ئاسیا و پاڵەوانێتی یانە عەرەبییەکان).
 
عەلی بلێهی، کە بەرگریکاری هەڵبژاردەی سعودیەشە، بەوە ناسراوە کە هەمیشە لە یارییەکاندا شەڕی دەروونی بەرامبەر یاریزانانی تیپی بەرامبەر دەکات، بەتایبەتیش ئەستێرە بەنێوبانگەکان، وەک ئەوەی لە مۆندیالی 2022ـی قەتەردا بەرامبەر لیۆنێل مێسی ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کردی.
 
عەلی بلێهی خۆی دان بەوەدا دەنێت کە ئەوکاتەی بەرامبەر رۆناڵدۆ یاری دەکات پێیدەڵێت "مێسی لە تۆ باشترە". ئەوکاتانەش کە بەرامبەر مێسی یاری دەکات، پێیدەڵێت "رۆناڵدۆ لە تۆ باشترە".