بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ دەردەکەوێتەوە و خەون بەسیانەی مێژووییەوە دەبینێت


رووداو دیجیتاڵ

لە هەنگاوێکی دیکەدا، بەئاراستەی ئەو خەونە گەورەیەی کەتەلۆنییەکان لەگەڵ هانزی فلیکی ئەڵمانیدا هێواش هێواش کار لەسەر بونیادنانی دەکەن، بارسێلۆنا دەیەوێت لە چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگ نزیکببێتەوە و ئەو کارەش، هەر ئەمشەو و لە نێو یاریگەی خۆیدا ئەنجام بدات.
 
بارسێلۆنا لە پاش سەرەتایەک کە گومان لە تواناکانی دەکرا، خۆی گەیاندە قاڵبی گونجان و گەشەکردن، پاشان کاریگەربوون و ئێستاش تۆقاندن بۆ رکابەرەکانی، هەر بۆیە خەونی یانەکە، لە تەنیا بردنەوەوە بووە سەرکەوتنی گەورە و لە تەنیا رکابەریشەوە، گۆڕا بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکان.
 
تەنیا مانەوە لە لووتکەی لالیگا و گەیشتن بەیاریی کۆتایی جامی شا و خۆ بینینەوە لە چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بنمیچی خەونەکانی بارسێلۆنای گەیاندە سیانەی مێژوویی، ئەو خەونەی ئێستا هەموو کەتەلۆنیا وەک دروشمێک بەردەوام دەیچڕنەوە.
 
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لەبارەی ئەو خەونەوە دەڵێت، "هەموو کات گوتومە، ئێمە دەتوانین خەون ببینین، بەڵام دەبێ ئێمەی یاریزانان و راهێنەر خاکەڕا بمێنینەوە، گرنگە بزانین ئەوەی کە بەدەستمان هێناوە بەرهەمی کاری لێبڕاوانەیە، ئێمە لە مەشقەکاندا کاردەکەین بۆ گەیشتن بێرە، دەبێ لەسەر هەمان ریتم بەردەوام بین و ئەوە بکەین کە لە یارییەکانی رابردوودا کردوومانە. ئەمساڵ هیچ یارییەک نەدۆڕاوین و دەبێ لەسەرئەوە بەردەوام بین".
 
لە دۆرتمۆند خەونەکە تەواو جیاوازە، یانەکە ئەمساڵ بەزنجیرەیەک کێشە و ئەنجامی خراپدا گوزەری کرد، شکستی زۆر بەرۆکی یانەکەی گرت و هەر ئەوەش وایکرد، نووری شاهین کە لەسەرەتاوە راهێنەری تیپەکە بوو، لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە و نیکۆ کۆڤاچ بچێتە شوێنی.
 
کۆڤاچ ماوەیەکی زۆر نییە لەگەڵ بۆرووسیایییەکان کاردەکات، بەڵام ئەزموونێکی گەورەی لە تۆپی پێی ئەڵمانیدا هەیە. ئەوە خاڵێکی پۆزەتیڤە بۆ هاندەرانی دۆرتمۆند، بەڵام ئەو خۆی ئەرکەکە بەقورس دەزانێت، ئەگەرچی چاوەڕێی هەموو رووداوێکە لە تۆپی پێدا.
 
نیکۆ کۆڤاچ، راهێنەری یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند، دەڵێ، "دڵنیام لەوەی بارسێلۆنا لەپێشترە بۆ بردنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆرووسیا دۆرتمۆند وەرزی رابردوو، لە یاریی کۆتایی بووە، کەسیش پێشبینی ئەوەی نەدەکرد، بەڵام لە تۆپی پێدا هەموو شتێک روودەدات. ئێمە لە قۆناخی چارەکی کۆتایین، ئەمە تۆپی پێی ئاستەکەیە. ئێمە کاری زۆرمانکردووە بۆ گەیشتن بێرە. لە یارییەکەداین و لاوازترین بەربژێری بردنەوەین، بەڵام ئێمە کارەکە بۆ بردنەوەی رکابەرەکەمان ئاسان ناکەین".
 
کۆڤاچ لە تایتڵی دەستکەوت و نازناودا ناگاتە هانزی فلیک، بەڵام مێژوو راستییەک دەگێڕێتەوە کە فلیک پەروەردەبووی ژێر دەستی ئەو راهێنەرە بووە، هەربۆیە لەگەڵ جەنگەکەی نێوان بارسا و دۆرتمۆند، دەکرێ ئەوەی ئەمشەو لە مۆنتوجویک روودەدات، بەرکەوتنی مامۆستا و قوتابییەکی دیکەی نێو دونیای تۆپی پێ بێت.
 
هەردوو یانە، ئەمشەو کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان لە یاریگەی مۆنتوجویک بەیەکدەگەن.