هەولێر نەیتوانی دیارییەکی شایستە پێشکێشی هاندەرانی بکات و بەرامبەر موسڵ یەکسانبوو



رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر لە یەکەم یاریی بە ئامادەبوونی هاندەرانی دوای دابڕانێکی 75 رۆژی، نەیتوانی پارێزگاری لە پێشکەوتنی بە دوو گۆڵ بکات و بەرامبەر یانەی مووسڵ بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەکیان یەکسانبوو.
 
دوای دابڕانێکی درێژ کە 75 رۆژی خایاند و هاندەران بەهۆی ناهەمواری بارودۆخی ناوچەکەوە نەدەتوانرا لە یاریگە ئامادەبن، جارێکی دیکە جۆش و خرۆشی وەرزشی بۆ یاریگەی فرانسۆ هەریری گەڕایەوە. لە یارییەکی گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر میوانداری یانەی موسڵی کرد و یارییەکە بە سیناریۆیەکی چاوەڕواننەکراو کۆتاییهات.
 
هەولێر یارییەکەی بە بەهێزی دەستپێکرد. تەنیا 3 خولەک بەسەر فیکەی دەستپێک تێپەڕیبوو، شێرزوود تێمیرۆڤ بە پاسێکی جوانی کریستۆڤەر جۆن گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد. هێرشەکانی خاوەن ماڵ بەردەوام بوون تاوەکو لە خولەکی 26 ناوبژیوان پەنای بۆ گەڕایەوە ڤار و لێدانی سزای بۆ هەولێر هەژمارکرد. شێرزوود تێمیرۆڤ لە خولەکی 28 گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی قەڵا و منارە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا پلانەکان گۆڕان و یانەی موسڵ گەڕایەوە نێو کەشی یارییەکە. لە خولەکی 68 ئەکرەم رەحیم ناجی جیاوازییەکەی کەمکردەوە و گۆڵی یەکەمی موسڵی تۆمارکرد. ئەم گۆڵە گوشارێکی زۆری خستە سەر هێڵی بەرگری هەولێر. لە خولەکی 74 سێدریک نگا گۆڵی یەکسانبوونی بۆ موسڵ تۆمارکرد و بێدەنگییەکی ناخۆشی خستە نێو یاریگەکە.
 
هەولێر دوو خاڵی گرنگی لەنێو یاریگەی خۆی و لەبەردەم هاندەرانی لەدەستدا. یانەکە بەم ئەنجامە کۆی خاڵەکانی بۆ 45 خاڵ بەرزکردەوە و ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە.