هەولێر یارییەکی گرنگی هەیە و باوەشی یاریگە بۆ هاندەران کراوەیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی هەولێر یاریگەی فرانسۆ هەریری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای سێ یاریی بەبێ بردنەوە، یانەی هەولێر چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە و ئەمڕۆ جارێکی دیکە یانەکە و هاندەرانی بەیەکدی شاددەبنەوە.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 27ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 17:00 یانەی هەولێر لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی موسڵ یاریی دەکات، دوای 75 رۆژ دوورکەوتنەوە لە تیپەکەیان بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە تیپەکەی قەڵا و منارە پێشوازی لە هاندەرانی دەکات و یاریزانی ژمارە 12ـی یانەکە دەگەڕێتەوە نێو یاریگە.
 
هەرچەند بڕیاربوو یاریی هەولێر و زەورا کە رۆژی 31ـی مانگی رابردوو ئەنجامدرا هاندەران بگەڕێنەوە، بەڵام بەهۆی چەند هێرشێکی درۆنی بۆ سەر هەولێر بڕیارەکە هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ یاریگە لەبەردەم هاندەراندا کراوەیە و دەتوانن لە یاریگەی فرانسۆ هەریری سەیری یارییەکە بکەن.
 
یانەی هەولێر لە سێ یاریی رابردوودا، لەگەڵ نەفت میسان، زەورا و غەڕاف یەکسانبووە، ئەمڕۆ چاوی لەوەیە بەبردنەوەی لە موسڵ پێشوازی لە گەڕانەوەی هاندەرانی بکات.
 
یانەی موسڵ لە پێنج یاریی رابردوودا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، 3 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا بەدوای بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشدا دەگەڕێت.
 
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر بەر لە یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "یارییەکە بۆ هەردوو تیپ زەحمەت دەبێت، دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ سەر رێگەی بردنەوە. یارییەکە زۆر گرنگە، هیوادارین ئەنجامێکی ئەرێنیمان هەبێت، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە مانەوە لە سێ پلەی یەکەم بکەین."
 
راهێنەری هەولێر زیاتر گوتی "زۆرمان نەماوە و چەند گەڕێک ماون، بەپێی ئەزموونەکەم ئەمە قورسترین قۆناخی خولە."
 
هەولێر بەر لەم یارییە لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە بە کۆکردنەوەی 52 خاڵ و پێویستی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی جیاوازییەکەی لەگەڵ تەڵەبەی چوارەم بۆ 4 خاڵ بەرزبکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە