دوو یانەی کوردستان پاڵەوانی تۆپی پێی تورکیان
رووداو دیجیتاڵ
دوو یانەی باکووری کوردستان لەم وەرزەدا لە دوو خولی جیاواز بوونە پاڵەوان و وەرزی نوێ لە ئاستێکی بەرزتردا یاریی دەکەن.
لەسەر ئاستی خولی پلە دووی تورکیا، یانەی باتمان پەترۆلسپۆر و لەسەر ئاستی خولی پلە سێی وڵاتەکەش یانەی 12بینگۆلسپۆری چەولیک نازناوی خولەکەی لە کۆمەڵەی خۆیدا بردەوە و بووە پاڵەوان.
باتمان پەترۆلسپۆر، لە خولی پلە دووی تورکیا لەم وەرزەدا لە کۆمەڵەی یەکەمدا رکابەریی دەکرد و بە بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت، 5 گەڕ بەر لە کۆتاییهاتنی خولەکە نازناوەکەی مسۆگەرکرد و دوای 26 ساڵ نازناوی ئەو خولەی بەدەستهێنا و گەیشتە خولی پلە یەکی تورکیا بۆ وەرزی داهاتوو.
باتمان لە دوایین 19 یارییدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، تیپەکە دوایین 8 یاریی بردووەتەوە، رۆژی چوارشەممە دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە یانەی ئەنقەرەسپۆری بردەوە، بەفەرمی نازناوی خولی پلە دووی تورکیای لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلاکردەوە و بووە پاڵەوان.
وەرزی داهاتوو یانەی باتمان پەترۆلسپۆر لە خولی پلە یەکی تورکیا یاریی دەکات، کە ئێستا هەردوو یانەی ئامەدسپۆر و وانسپۆر لەو خولەدا یاریی دەکەن.
باتمان پەترۆلسپۆر تاوەکو ئێستا لە خولی پلە دووی تورکیا، 33 یاریی ئەنجامداوە، خاوەنی 24 بردنەوە، 7 یەکسانبوون و 2 دۆڕانی هەیە، یانەکە 77 گۆڵی تۆمارکردووە و 29 گۆڵی لێکراوە، ئێستا یانەکە خاوەنی 79 خاڵە و پاڵەوانی خولی پلە دووی تورکیایە.
لە خولی پلە سێی تورکیا، یانەی 12 بینگۆلسپۆری شاری چەولیگی باکووری کوردستان نازناوی خولەکەی بەدەستهێنا و سەرکەوتنی بۆ خولی پلە دووی تورکیا مسۆگەرکرد.
بینگۆل لە دوایین 3 یارییدا نەدۆڕاوە، لە یاریی رابردوویدا بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەسەر یانەی تورک مەتال بەدەستهێنا و بەو بردنەوەیە نازناوەکەی مسۆگەرکرد.
بینگۆل لە 28 یارییدا کە تاوەکو ئێستا ئەنجامیداون 16 بردنەوەی هەیە، 8 جار یەکسانبووە و 4 یاریی دۆڕاندووە، یانەکە خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە و 57 گۆڵی تۆمارکردووە.
یانەکەی باکووری کوردستان خاوەنی 56 خاڵە و نازناوی خولەکەی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بردەوە، بەم بردنەوەیەش تیپەکە وەرزی داهاتوو لە خولی پلە دووی تورکیا یاریی دەکات و لە ئاستێکی بەرزتردا رکابەری دەکات.