رووداو دیجیتاڵ
ڤیسێنتی دیل بۆسکی، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، باسی گرنگترین ئامۆژگاریی ژیانی دەکات کە باوکی پێیداوە و پێیگوتووە، "هەموو کات رێز لە کەسایەتیی خۆت بگرە"، دیل بۆسکی دەڵێ، ئەوە گرنگترین ئامۆژگاری بوو لە ژیانمدا.
دیل بۆسکی، راهێنەری تاکە هەڵبژاردەی ئیسپانیای براوەی مۆندیال لە 2010، باسی چەندین باسوخواسی تایبەت بەژیانی خۆی کردووە، دووپاتیدەکاتەوە کە خۆشترین ساتەکانی کارکردنی، ئەوکاتانەبووە کە لەگەڵ تیپی تەمەنە جیاوازەکان کاری کردووە، ئەو دەڵێ، "لەگەڵ گەنجەکان هەموو کات دڵخۆش بووم، ئامانجم ئەوەبوو راهێنەرێکی دروستکەربم".
راهێنەرە ئیسپانییەکە دەڵێ، کارکردن لەگەڵ یاریزانە لاوەکان چێژبەخشبوو، نەک تەنیا لە رووی تەکنیکییەوە، بەڵکو لە رووی بایەخدان بەگەشەپێدانی لێهاتووییە بنچینییەکانی ئەوانەوە.
راهێنەرە براوەکەی یۆرۆی 2012 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەروەها دووپاتیدەکاتەوە، نابێ مەشقپێدان خۆی ئامانج بێت، بەڵکو دەبێ هۆکارێک بۆ باشکردنی ئاست لە یارییەکاندا.
ئەو هەروەها دەڵێ، "بەرپرسیارێتی گەشەپێدانی رۆژانەی یاریزانانمان لەسەرشانە. دەکرێ تاکتیک لە یاریدا بەدەست بهێنرێت، بەڵام تەکنیک جوانتر و قورسترە، وەک کۆنترۆڵی باشی تۆپ و پاسدان و یاریزان بڕین".
دیل بۆسکی دووپاتیکردووەتەوە کە تۆپی پێ تەنیا یارییکردن نییە، بەڵکو رەهەندی کۆمەڵایەتیی روونی هەیە، وەک "پێگەیاندنی مرۆڤ لە پێگەیاندنی یاریزان کەمتر نییە".
دیل بۆسکی باسی رۆڵی گرنگی باوکی کردووە لە ژیانیدا و دەڵێ، ئەو کەسێکی دانا و هەوڵدەربوو، لەوەوە بەهای گەورەم بۆ مانەوە، زۆر ئامۆژگاریی کردم و زۆر رێنوێنیی پێدام، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەبوو کە هەمووجار دەیگوت، "رێز لە کەسایەتیی خۆت بگرە".
راهێنەرەکەی پێشووی ئیسپانیا، باسی رێگەی فێربوونی خۆی کردووە، سەرەتا وەک مامۆستا دەستبەکاربووە، بەرلەوەی بچێتە نێو دونیای تۆپی پێ و کەوتنە ژێر کاریگەریی ئەو راهێنەرانەی کە ئەو بە ناوازە ناویبردوون.
ئەو دەڵێ ئەو راهێنەرانە، هونەری ژیانیان فێرکردم لەگەڵ هونەری تۆپی پێ.
ڤیسێنتی دەڵێ، خێزانەکەم بنەمای سەرەکیی سەرکەوتنم بوون، بەتایبەت ئەلڤارۆی کوڕم کە داونی هەیە و ئەو وایکرد، "ئێمە کەسانی باشتر بین، بەبێئەو نەمدەزانی چی بکەین".
دیل بۆسکی جیا لە کاروانی گەورەی راهێنەرایەتی، وەک یاریزان لە چەقی ریال مەدرید یارییکردووە لە نێوان 1968 تاوەکو 1984 و زیاتر لە 400 یاریی بەدرێسی ئەو یانەیەوە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ