لێدوانی ئەربێلوا.. هەڕەشە لە بایرن و ستایشی ڤینیسیۆس دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، هەڕەشە لە بایرن میونشن دەکات و دەڵێت "یارییەکە ئێستا دەستپێدەکات."
بەر لە یاریی رۆژی هەینی بەرامبەر یانەی جیرۆنا لە رکابەرییەکانی لالیگادا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەیکرد و گوتی "لە یارییەکەی بەرامبەر جیرۆنا پشت بە شێوازی یارییکردنی بە نۆرە نابەستێت و پشوو بە هیچ یاریزانێک نادات بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یاریی گەڕانەوەی بەرامبەر بایرن میونشن."
ئەلڤارۆ سەبارەت بە دابەزینی ئاستی کیلیان ئێمباپێ قسەیکرد و گوتی "ئێمباپێ بە تەنیا نییە، من یاریزانێکم دەوێت بیەوێت هەموو رۆژێک یاریزانی ریال مەدرید بێت، گرنگە خۆی بێت، جگە لەو بەهرە و کوالێتییەی کە هەیەتی. ناتوانیت هەموو رۆژێک یاریی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ یان یارییەک کە پاڵنەری گەورەی هەیە ئەنجامی بدەیت، لێرەدا گرنگی پابەندیی خودی دەردەکەوێت. بابەتەکە لە بەهرە گەورەترە. دەمانەوێت یاریزانەکان کاتێک رووبەڕووی جیرۆنا دەبنەوە، هەست بە پێویستی درەوشانەوە بکەن."
راهێنەری ریال مەدرید لەبارەی ئەوەی ئایا، یاریزانەکانی ریال مەدرید لە یاریی بەرامبەر بایرن میونشن پابەندیان کەمبووە؟ گوتی "نەخێر، بەهیچ شێوەیەک. من لەو کەسانە نیم کە حەزم لە قسەکردن بێت لەسەر وردەکارییەکان تاکتیکییەکان، گرنگترین شت ئارەزووی دەرچوونە بە رۆحێکی گەورە و پابەندبوونێکی باڵا. بەهرە هەیە و زۆر نایابە، بەڵام بردنەوەی یارییەکان تەنیا لە رێگەی بەهرەوە بەدی نایەت. هەندێکجار رەنگە رووبدات، بەڵام ئەگەر بەردەوامیمان بوێت، پێویستیمان بە شتی زیاترە لە بەهرە."
ئەربێلوا هۆشداری دەدات و بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئەگەر پێشتر مەودای هەڵەمان کەم بووبێت، ئێستا کەمتر بووەتەوە. ئێمە تێدەگەین کە هەموو یارییەک زۆر گرنگە. تەنانەت ئەگەر هەلیشمان بۆ نەمێنێت، بە هەمان رۆحییەتەوە بەردەوام دەبین لە جەنگان. ئێمە دەزانین نوێنەرایەتی کێ دەکەین و قەبارەی ئەو بەرپرسیارێتییە چەندە کە لەسەر شانمانە."
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، باس لە ناڕەزایەتیی هاندەران و لێدانی فیکە لە دژی ڤینیسیۆس دەکات و دەڵێت " ئێوە دەزانن من چۆن بیر لە ڤینیسیۆس دەکەمەوە و ئەو چ مانایەکی هەیە بۆ من وەک راهێنەر و وەک هاندەرێکی ریال مەدرید، هەروەها ئەو ئاستەی پێشکەشی دەکات".
ئەلڤارۆ زیاتر گوتی "بۆ من، جێگەی بەختەوەرییە کە هەموو یارییەک لە بێرنابیۆ بکەم. فیکەی ناڕەزایەتی بەشێکە لە داواکارییەکانی ئەم هاندەرانە. من بە شتێکی ئاسایی و تێگەیشتووی دەبینم. رەنگە هەندێک کەس هەست بە کەشێکی نەرێنی بکەن، بەڵام ئەوەی ئێمە دەبینین پشتگیری هاندەرانمانە."
دوای ئەوە ئەلڤارۆ ئەربێلوا چووە سەر یاریی گەڕانەوەی بەرامبەر بایرن میونشن و گوتی "دەمەوێت یارییەکەی سبەی ببەینەوە، بیر لە پشوودان بە یاریزانەکان ناکەمەوە، گرنگترین یاری بۆ من وەک راهێنەر، یارییەکەی سبەیە. ئێمە لە دۆخێکدا نین رێگە بە تاقیکردنەوە بدەین، یارییەکەی رۆژی چوارشەممە لە ئێستاوە دەستپێدەکات. دەبێت یارییەکی گەورە بکەین. 4 رۆژمان هەیە بۆ شیاندنەوە و تەنیا بیر لەوە دەکەینەوە باشترینەکانمان پێشکێش بکەین".
راهێنەری ریال مەدرید لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا هەواڵێکی خۆشی بۆ هاندەرانی ریال مەدرید راگەیاند و گوتی "سبەی ئێدێر میلیتاو و جود بێلینگهام بەشێوەی سەرەکی یاریی دەکەن، مێندیش چەند خولەکێک لە یارییەکەدا بەشدار دەبێت. میلیتاو کاتێک لە باشترین کاتەکانیدا بێت رەنگە باشترینی جیهان بێت، لەرووی جەستەییەوە زاڵە و لە رووبەڕووبوونەوەی تاکدا زۆر بەهێزە و لە کۆنتڕۆڵکردنی تۆپی بەرز و توانایەکی زۆری هەیە".
هەرچی لەبارەی کاماڤینگایە، راهێنەری ریال مەدرید گوتی " ئەو زۆر یاری لەگەڵ من کردووە و سبەی بە سەرەکی دەبێت. یاریزانێکی گرنگە بۆ من و بۆ یانەکە. هەمووان متمانەیان پێیەتی و منیش لە ئاستی رازیم. دەمەوێت زیاتر گەشە بکات و لەوەی لێی داوا دەکەین تێبگات."
شەوی هەینی کاژێر 22:00 ریال مەدرید لە رکابەرییەکانی گەڕی 31ـی لالیگادا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی یانەی جیرۆنا دەکات، ریال مەدرید لە پلەی دووەمی ریزبەندە و 7 خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندی خولەکەوە دوورە.