وێنە و ڤیدیۆ؛ پاریس بۆ چوارەمجار لەسەریەک بووە پاڵەوانی جامی فەرەنسا
رووداو - هەولێر
یانەی پاریس سانجێرمان بۆ جاری چوارەم لەسەریەک و دوازدەیەمجار لە مێژوویدا نازناوی جامی فەرەنسای بردەوە.
لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لە ستاد دۆ فرانس پاریس سانجێرمان رووبەڕووی لێس هێربێی بووەوە و یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
یارییەکە بە سڵاوی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە هەردوو یانە دەستیپێکرد، لە خولەکی 26 جیوڤانی لۆ سیلسۆ گۆڵی یەکەمی بۆ پاریس سانجێرمان تۆمارکرد و گێمی یەکەم کۆتاییهات.
لە گێمی دووەمدا لە خولەکی 74 ئیدینسۆن کاڤانی بەلێدانی سزا پاریسی کردە خاوەنی گۆڵی دووەم و یارییەکە بەو شێوەیە لەبەرژەوەندی پاریس سانجێرمان کۆتاییهات و یانەکە بۆ چوارەمجار لەسەریەک نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە.
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکەش پاریس سانجێرمان ئاهەنگێکی گەورەی ئەنجامدا و نەیمار داسیلڤاش کە بەهۆی پێکانەوە لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە لە ئاهەنگەکەدا بەشداربوو.