رۆژێکی تایبەت لە ئامەد.. دوو یانەی کوردستان یاریی کۆتایی دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ بۆ باکووری کوردستان لە تۆپی پێدا رۆژێکی مەزن و تایبەتە، یانەیەکی دیکە دەگاتە خولی پلە یەکی تورکیا.
 
یاریی کۆتایی قۆناخی پلەی ئۆفی خولی پلە دووی تورکیا بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی ماردین سپۆر و موش سپۆری باکووری کوردستان رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر گەیشتن بە خولی پلە یەک دەکەن.
 
پێشتر هەردوو یانە رێککەوتنیان کردبوو، هەرکاتێک هەردوولا گەیشتنە یاریی کۆتایی یارییەکەیان لە ئامەد بەڕێوەبچێت.
 
یارییەکە کاژێر 17:00 لە یاریگای ئامەدسپۆر بەڕێوەدەچێت و چاوەڕواندەکرێت زیاتر لە 30 هەزار هاندەر لە یاریگادا ئامادەبن بۆ پاڵپشتیکردنی هەردوو یانە کوردستانییەکە.
 
یانەی موش سپۆر لە قۆناخی پێشکۆتایی پلەی ئۆفدا، دوو یاریی بەرامبەر یانەی عەلی ئاغا ئەنجامدا، لە هەردوو یارییەکەدا یەکسانبوون، بۆیە پەنابرایە بەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە و بە 6-5 موش سپۆر یارییەکەی بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی قۆناخەکە.
 
یانەی ماردین سپۆر، دوو یاریی بەرامبەر یانەی قەهرەمانمەرەش ئەنجامدا، هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە بەیەکسانبوون تەواو بوون و بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی.
 
ماردین سپۆر 18 ساڵە لە خولی پلە یەکی تورکیا دوورە، دوایینجار لە 2007-2008 بەشداریی لەو خولەدا کردووە و ئەمڕۆ دەیەوێت جارێکی دیکە هاندەرانی بە کۆتاییهێنان بەو چاوەڕوانییە دڵخۆش بکات.
 
یانەی موش سپۆر دوو وەرزە هاندەرانی دڵخۆش دەکات، وەرزی رابردوو لە خولی پلە سێی تورکیاوە خۆی گەیاندە خولی پلە دوو و ئێستاش لە خولی پلە دوو رکابەری لەسەر گەیشتن بە خولی پلە یەک دەکات.
 
پێشتر لە خولی پلە دووی تورکیا، یانەی باتمان پەترۆلسپۆر بووەتە پاڵەوان و سەرکەوتنی لە کۆمەڵەکەیدا بۆ خولی پلە یەک مسۆگەرکردووە، ئەمڕۆ یانەیەکی دیکەی باکووری کوردستان دەگاتە خولی پلە یەک و وەرزی داهاتوو ژمارەی یانە کوردستانییەکان زۆر زیاتر دەبێت و هەریەکە لە یانەکانی وان سپۆر، باتمان پەترۆلسپۆر، ئیدر و یەکێک لەم دوو یانەیە لەو خولەدا یاریی دەکەن.
 
ئەوەی بۆ هەمووان سەرنجڕاکێش بوو، دوای گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی قۆناخی پلەی ئۆفی خولی پلە دووی تورکیا، هەردوو یانەی ماردین سپۆر و موش سپۆر بەیەکەوە پۆستی گەیشتنیان بە یارییەکە بڵاوکردەوە.