مێسی: لامین سەرەتاکانی خۆمم بیردەخاتەوە و رکابەریکردنی رۆناڵدۆ جوان بوو
رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتین دەڵێ کاتێک سەیری لامین یامالی ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا دەکەم، سەرەتاکانی دەرکەوتنی خۆمم بیردەکەوێتەوە. لەبارەی رکابەرییکردن لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ گوتوویەتی، کارێکی جوان بوو، هەمووکات رێزی یەکدیمان گرت.
مێسی قسەی بۆ رۆژنامەیەکی ئەرجەنتینی کردووە، دەڵێ، "لەنەوەی ئێستای یاریزاناندا پێموایە لامین یامال لە هەمووان زیاتر خۆمم بیردەخاتەوە، زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە".
مێسی دەڵێ، هیچ گومان لەوەدا نییە کە لەم نەوەیەدا، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی تاوەکو ئێستا پێشکەشی کردووە و ئەو داهاتووە گەورەیەی چاوەڕێی دەکات، لامین باشترینە.
مێسی باسی داهاتووی خۆی لە تۆپی پێدا کردووە و دەڵێ، "لە یارییکردن بەردەوام دەبم تاوەکو ئەوکاتەی ناتوانم، من حەزم لەوەیە کە ئەنجامی دەدەم، حەزم لە تۆپی پێیە و سەوداسەری یارییەکەم، تاوەکو ئەوکاتەی دەزانم جەستەم رێگەم پێدەدات، لە یارییکردن بەردەوام دەبم".
لیۆ زیاتر دەڵێ، "تەمەن بەلامەوە گرنگ نییە، من رکابەرییانەم، رقم لە شکستە و هەرئەوەش منی گەیاندووەتە ئەو شوێنەی ئێستا لێیم".
مێسی هەروەها باسی ساڵانی رکابەرییکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆی لە تۆپی پێ و دابەشکردنی ستەیجی سەرکەوتن و نازناوەکانی لەنێوان خۆی و ئەفسانە پۆرتوگالییەکەدا کردووە.
مێسی دەڵێ، ئەو ململانێیەی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەمانبوو، ململانێیەکی وەرزشیی جوان بوو. دووپاتیکردووەتەوە ئەوە لە تۆپی پێدا زۆر سرووشتییە.
لیۆ دەڵێ، "من لە بارسێلۆنا بووم و ئەویش لە ریال مەدرید، رکابەریی یەکدیمان لەسەر هەموو شتێکی تاکانە و بە کۆمەڵ دەکرد، ئەوە وایکرد خەڵک بەردەوام بەراوردمان بکەن".
ئەستێرەکەی ئینتەرمەیامی زیاتر دەڵێ، "پەیوەندیی نێوان من و رۆناڵدۆ هەموو کات باش و بەڕێزانە بوو، هەموو ئەوەی لە نێوانماندا هەبوو وەرزشی بوو، هیچ شتێکی کەسیمان لەنێواندا نەبوو".
مێسی دەڵێ، لەگەڵ رۆناڵدۆ زۆر یەکدیمان نەدەبینی، تەنیا لە ئاهەنگی خەڵاتەکان و یارییەکان بەبێت، هەمووکات رێک بووین، ئێستا لە قۆناخی جیاوازی ژیانمانداین، بەڵام ئەوەی هەبوو، رکابەرییەکی وەرزشیی زۆر جوان بوو.
مێسی و رۆناڵدۆ، پێشبینیکراوە دوایین مۆندیالی خۆیان لەگەڵ هەڵبژاردەکانیان ئەنجام بدەن کاتێک هاوینی ئەمساڵ، پێشەوایەتیی ئەرجەنتین و پۆرتوگال دەکەن، لە مۆندیالی 2026.