ئاهەنگی کردنەوەی مۆندیال لە سێ وڵاتی میواندار بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی 'فیفا' پلانی داناوە بۆ هەر سێ وڵاتی میوانداری مۆندیالی 2026 کە رێوڕەسمێکی تایبەتی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە ئەنجام بدەن، هاوکات ئاهەنگێکی تایبەت بۆ یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی ئەمریکا لە چوارچێوەی یارییەکاندا رێکدەخات.
بەپێی زانیارییەکان، فیفا لیستی ئەو هونەرمەندانەی ئاشکرا کردووە کە لە رۆژی کردنەوەی یارییەکاندا لە کەنەدا، مەکسیک و ئەمریکا پێشکێشکاری دەکەن.
رێوڕەسمەکە 90 خولەک پێش دەستپێکی یارییەکان دەستپێدەکات. لە یاریی کردنەوەی مۆندیال لە مەکسیک لە نێوان مەکسیک و ئەفریقای باشوور، کۆمەڵێک ئەستێرەی وەک گرووپی رۆک مانای، ئەلیخاندرۆ فێرناندێز و تایلا پێشکێشکاری دەکەن. لە کەنەدا و لە یاریی بەرامبەر بۆسنە و هێرسێگۆڤینا، مایکل بوبلی، ئالانیز مۆریسێت و ئەلیسیا کارا بەشداری دەکەن. لە ئەمریکاش و لە یاریی بەرامبەر پاراگوای، کاتی پێری ئەستێرەی سەرەکی ئاهەنگەکە دەبێت. هەروەها ناوی لیسای ئەستێرەی بەناوبانگی کۆری (ئەندامی گرووپی بلاکپینک) لە لیستی بەشداربوواندا دەبینرێت.
فیفا دەیەوێت مۆندیال لەگەڵ یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکادا هاوتەریب بکات. لە 4ـی مانگی 7ـی 2026 لە دوو یاریی قۆناخی 16 لە فیلادێلفیا و هیوستن، ئاهەنگی تایبەتی ئەم یادە دەکرێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەئاشکرا هانی ئەوەی داوە مۆندیال وەک دەرفەتێک بەکاربهێنرێت بۆ پیشاندانی گەورەیی ئەمریکا لە 250 ساڵی رابردوودا.
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا لە ماوەی رابردوودا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ترەمپ دروستکردووە و چەندین جار لە بۆنە سیاسییەکاندا دەرکەوتووە، ئەمەش وایکردووە مۆندیال ببێتە پانتاییەکی سەرەکی بۆ نمایشکردنی سیاسەتەکانی حکومەتی ئەمریکا.
رێوڕەسمەکان تەنیا بە یارییەکانی کردنەوە کۆتایی نایەت، بەڵکو لە یاریی کۆتایی مۆندیال لە یاریگەی مێتلایف لە 19ـی مانگی حەوت، مەراسیمێکی گەورە و ئاهەنگێکی نیوەی یارییەکە ئەنجام دەدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوی ئەستێرەکانی ئەم ئاهەنگە بڵاونەکراوەتەوە.