بەهۆی نامەگۆڕینەوە لەگەڵ کچێکی منداڵ، دەرچوویەکی ئەکادیمیای ریال مەدرید سزادرا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بڵاوبوونەوەی چەند سکرینشۆتێکی ئابڕووبەرانە، ئەلێکس خیمینێز، یاریزانی پێشووی ریال مەدرید و ئێستای بۆرنمۆس، لە یاریی ئەمڕۆی یانەکەی دوورخرایەوە.
دوێنێ شەو، کچێک لە سۆشیال میدیا، چەند وێنەیەکی چاتی تایبەتی خۆی و ئەلێکس خیمینێز بڵاوکردەوە کە تیایاندا روونە، سەرەڕای ئەوەی کچەکە چەند جارێک ئاماژە بە تەمەنی دەدات کە خوار 18 ساڵە، ئەو یاریزانە سوور بووە لەسەر ئەوەی لەگەڵی بڕواتە دەرەوە.
کچەکە ناو و وێنەی خۆی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام سکرینشۆتی چاتەکانی لەگەڵ ئەو یاریزانە بەخێرایی بوونە ترێندی سۆشیال میدیا و دەنگدانەوەی زۆر گەورەیان هەبوو.
ئەلێکس خیمینێز پێشتر نامەی بۆ چەندین خانمە مۆدێلی جیاواز ناردووە و لە هەندێکیاندا داوای کاری بەدڕەوشتی لەو خانمانە کردووە.
یانەی بۆرنمۆس لە بڵاوکراوەیەکدا رایانگەیاند "ئاگاداری ئەو پۆستانەی سۆشیال میدیاین لەسەر ئەلێکس خیمینێزی یاریزانمان و لە گرنگی بابەتەکە تێدەگەین، لەبەرئەوە، ئەو یاریزانە لە لیستی یانەکەمان نابێت بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ".
ئەلێکس خیمینێز، پێشتر یاریزانی ریال مەدرید بووە و دواتر روویکردووەتە یانەی ئەی سی میلان، ئەمساڵ وەکو یاریزانێکی سەرەکی لە یانەی بۆرنمۆس یاریی کردووە.
ئەو یاریزانە لە وەرزی ئەمساڵدا 32 یاریی بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامداوە و تەنیا یەک گۆڵی بەرامبەر لیڤەرپوول تۆمارکردووە. خیمینێر زیاتر لە 2300 خولەک یاریی بۆ بۆرنمۆس کردووە و رۆڵی هەبووە لەوەی یانەکە، پلەی شەشەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ بگرێت و چاوی لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکانی وەرزی داهاتووی ئەورووپا بێت.