سپێشەڵ وەن دەگەڕێتەوە مەدرید؛ کۆتایی بە کێشەکانی ژووری جلگۆڕین دەهێنێت؟
رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆ، بەتەواوی لە گەڕانەوەی بۆ یانەی ریال مەدرید نزیکبووەتەوە و راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانیش دەڵێن "تەنانەت ئاگاداری هەموو ئەو رووداوانەیە کە لە ریال مەدرید روودەدەن".
بەپێی هەواڵێکی میدیای پۆرتوگال، جۆزێ مۆرینیۆ دەگەڕێتەوە ریال مەدرید و وەرزی داهاتوو لەسەر کورسی راهێنەرایەتی یانەکە دەبێت، لەکاتێکدا پێشتر ئەو راهێنەرە گوتبووی "چیرۆکی من و ریال مەدرید کۆتایی نەهاتووە".
کۆتایی هەفتەی رابردوو میدیای ئیسپانیا رایگەیاند، مۆرینیۆ 90٪ دەبێتە راهێنەری ریال مەدرید، دوای ئەوەش لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا ئاشکرا بوو، ریال مەدرید بەفەرمی گفتوگۆکانی لەگەڵ مۆرینیۆ و خۆرخی مێندێزی بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو راهێنەرە دەستپێکردووە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، مۆرینیۆ هیچ کێشەیەکی لەرووی داراییەوە لەسەر گرێبەستەکە نییە، راهێنەرەکە 100٪ ئامادەیە و هیچ مەرجێکی لەو بارەیەوە لە گرێبەستەکەیدا دانەناوە.
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "مۆرینیۆ هێندە لە گەڕانەوە بۆ ریال مەدرید نزیکبووەتەوە، تەنانەت کەسێکی ناو ریال مەدرید دوای شەڕەکەی فێدریکۆ ڤاڵڤێردی و چوامینی راستەوخۆ پەیوەندیی بەو راهێنەرەوە کردووە و هەموو وردەکارییەکانی پێگوتووە".
ئێستا بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی پێیدا تێدەپەڕێت، ریال مەدرید چەندە پێویستی بە مۆرینیۆیە بۆ ئەوەی لەڕووی هونەرییەوە تیپەکە بباتە پێشەوە، هێندەش پێویستی بەو راهێنەرەیە بۆ ئەوەی ژووری جلگۆڕینی یانەکە رێکبخاتەوە.
مۆرینیۆ بە کارگێڕیی ریال مەدریدی گوتووە، کۆنتڕۆڵی ژووری جلگۆڕینی یانەکە دەکات و رێگەنادات هیچ دەستێوەردانێک لە کاروبارەکانیدا بکرێت.
چەند رۆژی رابردووی چەند مەرجێکی مۆرینیۆ بۆ ریال مەدرید ئاشکرابوون، یەکێک لە مەرجەکانی ئەوەبوو کە خۆی خاوەنی بڕیاری یەکەم و کۆتایی بێت، ستافێکی هونەری تایبەت بە خۆی هەبێت و گرێبەستەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ بێت.