بنزیما هەڕەشە لە رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی هیلالی سعودی، بەشێوەیەکی راستەوخۆ هەڕەشە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی نەسڕ و هاوڕێکانی دەکات و دەڵێت "ئامانجمان تێکشکاندنی نەسڕە".
کەریم بنزیمای فەرەنسی، هێرشبەری یانەی هیلال، خۆشحاڵییەکی زۆری خۆی نیشاندا بە بەدەستهێنانی یەکەمین نازناوی لەگەڵ یانەی هیلال، و جەختی کردەوە کە ئاامنجەکانی لەم ئاستەدا ناوەستن و ئامانجی ئەمجارەیان وەستاندنی نەسڕە.
هیلال بووە پاڵەوانی جامی شای سعودیە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا 2-1 لە خلوودی بردەوە.
بنزیما دوای یارییەکە لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن، گوتی "یارییەکی باشمان ئەنجامدا، تاوەکو کۆتایی جەنگاین و توانیمان نازناوەکە ببەینەوە".
هەروەها گوتیشی "شانازی دەکەم بە بەدەستهێنانی یەکەم نازناوم لەگەڵ هیلال، بەڵام خەون و ئامانجەکان لێرەدا ناوەستن، ئامانجی داهاتوومان شکستپێهێنانی نەسڕ و بەدەستهێنانی خولی نازناوی رۆشەنە".
رۆژی سێشەممەی داهاتوو یانەی نەسڕ لە گرنگترین یاریی وەرزدا میوانداریی یانەی هیلال دەکات و بەئەگەری زۆرەوە یاریی یەکلاکەرەوە دەبێت، بەو پێیەی نەسڕ بە 5 خاڵ لەپێش هیلال یەکەمی ریزبەندییە، بەڵام هیلالی یارییەکی کەمترە و ئەگەر لە نەسڕ بباتەوە و یارییە دواخراوەکەش بباتەوە پێشەنگ وەردەگرێت.
خاوەنی باڵۆندۆری وەرزی 2021-2022 لەو بارەیەوە گوتی "سێ یاریمان لە خولەکەدا ماوە، وەک یاریی کۆتایی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین، ئامانجمان دڵخۆشکردنی هاندەرانی هیلال و تێکشکاندنی نەسڕە".