لیڤەرپوول و چێڵسی لە دۆخێکی خراپدا یاریی لووتکە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
هەردوو یانەی لیڤەرپوول و چێڵسی لە یارییەکی لووتکەدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و هەردووکیان دەیانەوێت قەرەبووی دۆڕان بکەنەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 36ـی پرێمەرلیگ، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاژێر 14:30، هەردوو یانەی لیڤەرپوول و چێڵسی رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یارییەکە لە یاریگای ئانفێڵد بەڕێوەدەچێت.
لیڤەرپوول لە یاریی رابردوودا کلاسیکۆی پرێمەرلیگی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد دۆڕاندووە و چێڵسی بە نۆتینگهام فۆرێست دۆڕاندووە، هەردوو تیپ دەیانەوێت ئەو دۆڕانەیان قەرەبوو بکەنەوە.
چێڵسی تاوەکو رادەیەکی زۆر لە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ بێهیوا بووە، بەڵام نایەوێت هەلی گەیشتن بە یۆرۆپالیگیش لەدەستبدات، بۆیە پێویستی زۆری بەبردنەوەی ئەم یارییە، سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی دەکات.
یانەی لیڤەرپوول لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە، هەمان ژمارەی خاڵەکانی ئاستۆن ڤیلای پێنجەمی هەیە، دۆڕان لە یارییەکەدا یانەکە دەباتە دواوە و رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە چامپیۆنزلیگیش بۆ تیپەکە زەحمەت دەکات.
چێڵسی دوایین دوو یاریی لە پرێمەرلیگدا لە لیڤەرپوول بردووەتەوە، بەڵام لە 2021ـەوە لە ئانفێڵد سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە.
چێڵسی لە دوایین 6 یاریی پرێمەرلیگدا دۆڕاوە، لە 1952ـەوە کە ماوەی 74 ساڵە نەبووە یانەکە 7 یاریی بەسەریەکەوە بدۆڕێنێت، تیپەکە دەیەوێت ئەمڕۆ خۆی لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتە بپارێزێت.