ئەمڕۆ تیروپشک بۆ جامی نەتەوەکانی ئاسیا دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا ئاشکرایکرد بەشێوەیەکی فەرمی ئەمڕۆ شەممە کاژێر 21:00 لە شاری ریاز لە سعودیە راکێشانی تیروپشکی تیروپشکی جامی نەتەوەکانی ئاسیا 2027 لە سعودیە ئەنجام دەدرێت.
 
نۆزدەهەمین وەشانی پاڵەوانێتییەکە بە بەشداری 24 هەڵبژاردەیە و بەسەر چوار کۆمەڵەدا دابەش دەکرێن، یارییەکانی رۆژی 7ـی مانگی یەک تاوەکو رۆژی 5ـی مانگی دووی ساڵی 2027 لە سعودیە بەردەوام دەبێت، ئەو وڵاتە ئامادەکارییەکی زۆری بۆ میواندارییەکی سەرکەوتووی یارییەکانی ئاسیا کردووە و دووەمجارە میوانداریی دەکات. 
 
تاوەکو ئێستا 23 هەڵبژاردە گەیشتوونەتە یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2027، بۆ یەکلایکردنەوەی دوایین هەڵبژاردە یاریی پلەی ئۆف رۆژی 4ـی مانگی شەشی ئەمساڵ لەنێوان هەڵبژاردەی یەمەن و هەڵبژاردەی لوبنان ئەنجام دەدرێت و براوەیان راستەوخۆ بۆ پاڵەوانێتییەکە سەردەکەوێت.  
 
هاروون زوبەیدی، کە ئەستێرەی یانەی هەولێرە و بانگهێشتی هەڵبژاردەی یەمەن بۆ ئەو یارییە گرنگە کراوە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "یارییەکی زۆر گرنگ چاوەڕێمانە و هەموو هەوڵێکمان بۆ سەرکەوتنە، دەمانەوێت خزمەتی وڵات و هاندەرانمان بە گەیشتن بە جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2027 لە سعودیە بکەین". 
 
24 هەڵبژاردە بەشداریی جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2027 دابەش دەکرێن و بەسەر چوار ئاستدا، کە هەریەکەیان لە شەش تیپ پێکدێت، ئەمەش بە پشتبەستن بە دوایین ریزبەندیی فیفا کە لە مانگی چواری ئەمساڵ بڵاوکرایەوە.
 
بەهۆی ئەوەی سعودیە یارییەکانی لەنێو خاک و هاندەرانی بەڕێوەدەچێت کرایە سەر لیستی کۆمەڵەی یەکەم و یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا ئەم ڕیزبەندییەی بڵاوکردەوە:
 
ــ ئاستی یەکەم: سعودیە (61) لەسەر ئاستی جیهانی، ژاپۆن (18)، ئێران (21)، کۆریای باشوور (25)، ئوسترالیا (27)، ئۆزبەکستان (50).
 
ــ ئاستی دووەم: قەتەر (55)، عێراق (57)، ئوردن (63)، ئیمارات (68)، عومان (79)، سوریا (84).
 
ــ ئاستی سێیەم: بەحرەین (91)، تایلەند (93)، چین (94)، فەڵەستین (95)، ڤێتنام (99)، تاجیکستان (103).
 
ــ ئاستی چوارەم: قرغیزستان (107)، کۆریای باکوور (118)، ئیندۆنیزیا (122)، کوێت (134)، سەنگاپور (147)، لوبنان (108) یان یەمەن (149).
 
دوایین وەشانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا لە شاری دەوحە بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی قەتەر نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە.